بەغدا ـ INA

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی گشتیی گومرگ، دەستبەسەرداگرتنی بڕێک دەرمانی مرۆیی ڕاگەیاند کە لە ناو پاسێکدا لە دەروازەی سنووریی عەرعەر شاردرابوونەوە.

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "کارمەندانی گومرگ لە دەروازەی سنووریی عەرعەر، توانیویانە دەست بەسەر پاسێکدا بگرن کە لە ناویدا بڕێک دەرمانی مرۆیی دۆزراوەتەوە، کە بە شێوازێکی پیشەیی لە ناو سەقفی پاسەکە و چەند شوێنێکی جیاوازی دیکەیدا شاردرابوونەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ هێنانەناوەوەیان بە پێچەوانەی ڕێساکان و ڕێنمایییە کارپێکراوەکان"، ڕوونییشی کردەوە کە "ئەمە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ڕێنمایییەکانی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ، سامر قاسم داود، و بە بەدواداچوونی مەیدانیی بەردەوام لەسەر ئاستی 24 کاتژمێر هاتووە".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنەکە بووە هۆی دۆزینەوەی (154) دەنکە دەرزی مانجارۆ (Mounjaro)، جگە لە (38) دانە لە پرۆتینی ئاسن"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ڕێکارە یاسایییە پێویستەکان گیراونەتە بەر و کۆنووسی دەستبەسەرداگرتنی بنەڕەتی بۆ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان بەپێی حوکمەکانی یاسای گومرگ و ڕێنمایییە کارپێکراوەکان ڕێکخراوە".

جەختیشی کردەوە لەسەر "بەردەوامبوونی کارمەندانی لە جێبەجێکردنی ئەرکە چاودێری و پشکنینییەکانیاندا بە تەواوی پیشەییبوونەوە، و توندکردنەوەی ڕێکارەکانی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکاندا، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی قاچاخچێتی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و ئابووریی وڵات".