هەولێر ـ INA ـ ئیڤان ناسر حەسەن

ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆیییەکان ڕاگەیاند، ڕوونییشی کردەوە کە ئەمە ئامانجی ڕێکخستنی بازاڕەکان و گەڕاندنەوەی دیمەنە شارستانییەکەیەتی.

خۆشناو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پارێزگا ڕێنماییداوە بە لیژنە تایبەتمەندەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە مەیدانییەکان بە ئاڕاستەی ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆیییەکان، و ڕێکخستنی شۆستەکان و بازاڕە میللی و گشتییەکان لە سەرانسەری شارەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەڵمەتەکە بە پلەی یەکەم ئامانجی گەڕاندنەوەی دیمەنە شارستانییەکەی شاری هەولێرە، لەگەڵ ئاسانکاری و ڕەوانکردنی هاتووچۆی هاووڵاتییان لە شەقام و بازاڕەکاندا"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ئەم هەڵمەتە هەوڵدەدات بۆ هاندانی سەرجەم خاوەن دوکان و بازرگانان بۆ پابەندبوونی تەواو بە ڕێنمایییەکان و ڕێکارەکانی بەرگریی شارستانی، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتییان و موڵک و ماڵیان".