بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمانەتی بەغدا، جەختی کردەوە کە ڕووخاندنی باڵەخانەی هۆتێلی زێڕی ڕەش (فندق الذهب الأسود) کە دەکەوێتە شەقامی ڕەشید لە نزیک گۆڕەپانی مەیدان، دوای تەواوکردنی سەرجەم کۆڵینەوە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان و وەرگرتنی ڕەزامەندییە فەرمییەکان لە لایەنە پسپۆڕەکانەوە هاتووە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و ڕێبواران، هاوکات لەگەڵ دۆکیۆمێنتکردنی تەواوی باڵەخانەکە وەک ئامادەکارییەک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی لە داهاتوودا بەپێی ناسنامە کەلەپوورییەکەی.
ڕاگەیەندراوێکی ئەمانەتەکە کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "هۆتێلی زێڕی ڕەش بە یەکێک لە دیارترین شوێنەوارە کەلەپوورییەکانی پایتەخت بەغدا دادەنرێت، کە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا بنیات نراوە، و شایەتی وێستگە مێژووییە گرنگەکان بووە کە بە مێژووی شەقامی ڕەشیدەوە بەستراونەتەوە، هەروەها بۆ ماوەی چەندین ساڵی درێژ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری بووە کە بژاردەیەک لە ئەدیبان، هونەرمەندان عێراقی، عەرەب و بیانییەکانی لەخۆگرتووە".
ئەمانەتی بەغدا، لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئەو بارودۆخەی عێراق لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەو شەڕ، گەمارۆ و پاشەکشەیەی کە لە کارەکانی چاککردنەوە و ڕاگرتندا هاوڕێی بووە، بووە هۆی تێکچوونی باری بنیاتنانی باڵەخانەکە بە شێوەیەکی زۆر گەورە، تا وای لێهاتبوو مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر سەلامەتیی هاووڵاتییان دروست بکات".
هەروەها ڕوونییشی کردەوە کە "کۆڵینەوە تەکنیکی و ئەندازیارییە پسپۆڕییەکان بۆ ماوەی چوار ساڵی یەک لەدوای یەک بەردەوام بوون بۆ هەڵسەنگاندنی توانای پاراستنی باڵەخانەکە و چارەسەرکردنی باری بنیاتنانی، بەڵام ئەنجامەکانیان مەحاڵبوونی هێشتنەوەی کەرتی بیناکەیان سەلماند، ئەمەش بەهۆی داڕوخانی بەشێک لە بیناکە، دەرکەوتنی درزی فراوان لە دیوارەکاندا، و خواربوونی دیوارە ناوخۆیییەکان، جگە لە داڕوخانی ئاشکرای سەقفی نهۆمی یەکەم، کە ئەمەش باڵەخانەکەی خستبووە بارێکی بنیاتنانی مەترسیدارەوە کە پێویستی بە دەستێوەردانی دەستبەجێ بوو".
ئەوەشی خستە ڕوو کە بڕیاری ڕووخاندنی باڵەخانەکە بڕیارێکی سەرپێیی و سەرپێشەکی نەبووە، بەڵکو دوای وەرگرتنی سەرجەم ڕەزامەندییە بنەڕەتییەکان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هاتووە، کە لە پێشەنگیاندا بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی، فەرمانگەی دیزاینەکان، فەرمانگەی پڕۆژەکان، و دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور هەن، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێڕەوە یاسایی و تەکنیکییە پەسەندکراوانە.
ئەمانەتەکە بەپێی ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردەوە کە "شوێنەکە بە شێوەیەکی گشتگیر لە ڕێگەی نەخشە تەلارسازییە باوەڕپێکراوەکانی فەرمانگەی دیزاینەکانەوە و بە سەرپەرشتیی دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور دۆکیۆمێنت کراوە، جگە لە دۆکیۆمێنتکردنی بە وێنەی فۆتۆگرافی و گرتە ڤیدیۆیییەکان، بە شێوەیەک کە پاراستنی سەرجەم وردەکارییە تەلارسازی و کەلەپوورییەکانی مسۆگەر بکات".
ئەمانەتی بەغدا لە کۆتاییدا ڕێنماییدا کە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لەپێشینەی هەرە لەپێشەنگەکانە، هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی شوێنەواری شارستانیی پایتەخت، هاوكات جەختی کردەوە کە "باڵەخانەکە لە داهاتوودا بەپێی نەخشە دۆکیۆمێنتکراوە پەسەندکراوەکان دووبارە بنیات دەنرێتەوە، بە شێوەیەک کە ناسنامە مێژوویی و تەلارسازییەکەی بپارێزێت و بەردەوامبوونی ئەم شوێنەوارە کەلەپوورییە بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات".


