ئەمڕۆ دووشەممە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شەش بنکەی "تیرۆرستی" لە ناوچەی وادی زغەیتون لە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە ورد و دروستەکان ئەنجامدراوە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە پێشکەش کراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتی و پلاندانانی شانەی بە ئامانج گرتن لە ژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەنجامدراوە".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هێزە تایبەتەکان دەستیانکردووە بە گەڕان بەناو ناوچەی ئامانجکراو و پاشماوەی ئەو بنکانەیان بەتەواوەتی تێکشکاندووە، هاوکات هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پاککردنەوەی تەواوی ناوچەکە".


