بەغداد –– INA نەساڕ حاج

وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ شەممە، جەختی کردەوە کە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەمریکادا پاڵپشتی لە پەرەپێدانی ژێرخانی وزە دەکات، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی غاز پاڵپشتی لە سەربەخۆیی عێراق دەکات و سەقامگیری سیستەمەکە بەهێزتر دەکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "جەختکردنەوەی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی و نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا تۆم باراک، لەسەر پابەندبوونی حکومەتەکانی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش لە کەرتی کارەبادا، بە شێوەیەک کە سەقامگیری سیستەمی وزەی نیشتمانی بەهێز بکات و سووتەمەنی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان دابین بکات، لە چوارچێوەی دیدگایەکی ستراتیژی گشتگیردایە کە ئامانجی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە و بەهێزکردنی ئاسایشی سووتەمەنییە".

هه‌روه‌ها وتی: "هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی غاز، بنەمای سەربەخۆیی عێراق لە بەرنامەی وزەدا بەهێز دەکات و پشتبەستن بە تەنها یەک سەرچاوە کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەردەوامیی کارپێکردنی وێستگەکان و بەرزکردنەوەی متمانەپێکراوی سیستەمی کارەبا لەسەر مەودای ناوەند و دوور مسۆگەر دەکات".

نووسینگەکە ڕوونی کردەوە کە "یەکێک لە دیارترین ئەو پڕۆژانەی پاڵپشتی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییە دەکەن، پڕۆژەی کۆمپانیای (Excelerate Energy⁠)ی ئەمریکییە بۆ پەرەپێدانی وێستگەیەکی سەرئاوکەوتوو بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتی شلکراو (LNG) لە خۆر ئەلزوبێر، کە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو تەحەددییانەیە کە پەیوەستن بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی نەرمی سیستەمی دابینکردنی غاز".

ئاماژەی بەوەش دا کە "پڕۆژەکە بەشدار دەبێت لە باشترکردنی کارایی کارپێکردن و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، جگە لە کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردن و دەردانی گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە"، جەختیشی کردەوە کە "هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەمریکادا هەنگاوێکی گرنگە لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی کارەبا و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری دابینکردنی وزە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و پاڵپشتی لە ڕێڕەوەکانی گەشەپێدانی ئابووری لە وڵاتدا دەکات".