بەسرە –– INA محەمەد ناسر

حکومەتی خۆجێیی بەسرە و سەرۆکی کوتلەی "ئاوەدانک ردنەوە و گەشەپێدان" پەرلەمانتار بەها ئەعرەجی، ئەمڕۆ شەممە، جەختیان لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی تەحەددییە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکانی پارێزگاکە کردەوە.

پارێزگاری بەسرە، ئەسعەد عیدانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "پارێزگای بەسرە شایەنی زۆر لەوە زیاترە کە پێشکەشی عێراقی دەکات، ئێمەش شاندی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانمان ڕاسپاردووە بە گەیاندنی پەیامێک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی بەردەوامبوون لە دابینکردنی شایستەکانی ئەم پارێزگایە بۆ ئەوەی ببێتە مرواری کەنداو"، ئاماژەی بەوەش دا کە "کارەکان لە نێوان حکومەتە خۆجێییەکان و وەزیرەکاندا تەواوکاری یەکترین لە پێناو پێشخستنی وڵاتدا".

لای خۆشیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، خەڵەف بەدران، وتی: "ئەم سەردانە بۆ ئاگاداربوون بووە لە واقیعی بەسرە و وەستان لەسەر ئەو کێشە و بابەتانەی کە پەیوەستن بە شایستەکانی پارێزگاکەوە"، ئومێدیشی خواست کە "کوتلەکە ڕۆڵی هەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەم داواکارییانەدا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە شایستە داراییەکان و پڕۆژە دواکەوتووەکان، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ئاڕاستەکانی نامەرکەزییەت لە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستیدا".

هەروەها وتیشی: "بە پەرۆشەوە دەڕوانین بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی شاندەکە و ڕۆڵیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی عێراقیان کردووە، و هیوادارین بەشدار بن لە داواکردنی ماف و شایستەکانی بەسرەدا".

لەلایەکی ترەوە، سەرۆکی کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، پەرلەمانتار بەها ئەعرەجی، ڕوونی کردەوە کە "ئەمڕۆ شاندی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان سەردانی پارێزگای بەسرە دەکات بۆ گوێگرتن لە کێشە و پێداویستییەکانی".

ئاماژەی بەوەش دا کە "بەسرە سەرچاوەی خێر و بەرەکەتە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بۆیە شایەنی بایەخ پێدانی تایبەتە"، وتیشی: "ئێمە هاتووین بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و وەستان لەسەر ئەو تەحەددییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، و هەستمان بە بوونی کێشەی ڕاستەقینە کردووە کە پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئێمە لە لایەن خۆمانەوە کار دەکەین بۆ پاڵپشتیکردنی داواکارییەکانی بەسرە و بەشداریکردن لە لادانی ئەو ستەمەی لێی کراوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێگە و ڕۆڵە گرنگەکەیدا لە عێراق بگونجێت".