بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهو فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە "بەهێزێکی زۆرەوە" وەڵامی هەر هێرشێکی حزبوڵای لوبنان بدەنەوە.

کەناڵی فۆکس نیوز ڕۆژی شەممە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 300 ئامانجی حزبوڵای لوبنانیان پێکاوە، وە لە ئەنجامدا نزیکەی 100 ئەندامی ئەو گرووپەیان کوشتووە.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر حزبوڵڵا جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا هێزەکانی ئیسرائیل بە هێزێکی زۆرترەوە وەڵامی دەدەنەوە.

ئیسرائیل و حزبوڵا ڕۆژی هەینی ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام پێکدادانەکان ئێوارەی هەینی و ڕۆژی شەممەش بەردەوام بوون.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دەستی بە هێرش دژ بە ئامانجەکانی حزبوڵا لە لوبنان کردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئەو گرووپە شیعەیە بە زیاتر لە 50 مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.