باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاگادارییەکی نوێی ئاسایشی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەکات خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق بەدوور بگرن و بە زووترین کات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

لە ئاگادارکردنەوەکەدا کە لە 10ی مانگی شەش بڵاوکراوەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە ڕایگەیاندووە پێویستە هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە عێراق بەرزترین ئاستی هۆشیاری و ئامادەیی بپارێزن، هەروەها لە نزیکەوە چاودێری هەواڵە ناوخۆییەکان بکەن، چونکە پەککەوتنی گەشتەکان یان داخستنی کتوپڕی ئاسمانی ئەگەری هەیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ڕووبدات.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە عێراق لەئاستی چوارەمی سەفەردا دەمێنێتەوە، واتە "گەشت مەکەن"، داواش لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەکات پلانی ڕۆیشتنیان بە زووترین کات دابنێن ئەگەر لەو وڵاتە بن.

هۆشداری ئاستی چوار بە بەرزترین ئاستی مەترسی دادەنرێت و بەو مانایەیە کە گەشتکردن بۆ ئەم ناوچەیە شیانی هەیە جێی مەترسییەکی زۆربێت بۆ سەر ژیانی ئەمەریکاییەکان.