بەغداد – INA
تیمی یانەی هێزی ئاسمانی قوە جەوییە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاری کلاسیکۆدا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ڕکابەرە دێرینەکەی خۆی، یانەی زەورای بردەوە، هاوکات لەگەڵ دۆڕانی یانەی شورتە بەرامبەر بە هەولێر بە دوو گۆڵی بێوەڵام، لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕی سی و شەشەمی خولەکەدا.
یارییەکە بە تۆمارکردنی گۆڵێک لە لایەن یانەی زەوراوە لە ڕێگەی یاریزان (هێران ئەحمەد) لە خولەکی (١٣)دا دەستی پێکرد، بەڵام یانەی جەوییە لە خولەکی (٨٥)دا لە ڕێگەی یاریزان (محەمەد جەواد)ەوە ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە، لە کاتێکدا یاریزان (وەکاع ڕەمەزان) گۆڵی دووەمی سەرکەوتنی بۆ جەوییە لە خولەکی (٩٥)دا زیاد کرد.
بەو ئەنجامەش، یانەی جەوییە کۆی خاڵەکانی خۆی بۆ ٨٣ خاڵ بەرزکردەوە و لە پێشەنگی ڕیزبەندییەکەدا جێگیر بوو، لە بەرامبەردا خاڵەکانی یانەی زەورا لە ٦٦ خاڵدا ڕاوەستان و لە پلەی چوارەمدا مایەوە.
