بەغداد - INA
دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێکردنەوەی ڕێکارەکانی جێگیرکردنی کارگێڕی بۆ کارمەندانی لە سەرجەم پارێزگاکان ڕاگەیاند.
دەستەکە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لیژنە تایبەتمەندەکان لە دەستەی حەشدی شەعبی، بە ئاراستەکردن و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی فەرمانگەی گشتیی کارگێڕی و دارایی، دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی جێگیرکردنی کارگێڕی و وەزیفی بۆ کارمەندانی دەستەکە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، ئەمەش بە ئامانجی ڕێکخستنی دۆسیە کارگێڕییەکان و زامنکردنی مافە یاساییەکانی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە".
راشیگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەم گەڕە نوێیەدا، لیژنەکان کارە مەیدانی و ڕاستەوخۆکانی خۆیان لە لیوای نۆیەم لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین چڕکردووەتەوە، کە تێیدا ڕێکارەکان بە کۆششێکی خێرا و ڕێکخستنێکی کارگێڕی ئاستبەرز بۆ تۆمارکردن و وردبینیکردنی زانیارییەکانی جەنگاوەران و کارمەندان لە شوێنی خۆیان دەستی پێکردووە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "لیژنەکە لە ئێستادا لە ڕێکخراوی لیوای نۆیەم بەردەوامە لە کارەکانی تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم دۆسیەکانی جێگیرکردن (تسکین)ی تایبەت بە کارمەندەکانی، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوە بۆ لیواکانی دیکەی ناوچەکە، ئەمەش بەشدارە لە بەدیهێنانی نەرمونیانیی کارگێڕی پێویست لە ناوخۆی دەستەکەدا و پاراستنی مافی کارمەندان بەپێی ڕێساکە یاساییەکان و ڕێنماییە کارگێڕییە کارپێکراوەکان".

