نێودەوڵەتی – INA

میدیاکانی ئێران، بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ دووشەممە، چالاکبوونی سیستەمەک انی بەرگریی ئاسمانییان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران ڕاگەیاند، هاوکات لەگەڵ گوێبیستبوونی دەنگی چەندین تەقینەوە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا.

ئاژانسی میهر ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانەیان لە باشووری ئێران خستووەتە خوارەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرگریی ئاسمانی لە شاری کەنارک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان چالاک کراوە، سەرباری گوێبیستبوونی چەندین تەقینەوە لە شاری سیریک لە پارێزگای هورمزگان.

لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی فارس ڕایگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی بەندەر ئیمام خومەینی و بەندەر ماهشار لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران گوێبیست کراوە.

هەروەها ئاژانسی تەسنیم ئاماژەی بەوە داوە کە دەنگی تەقینەوەکان لە شارەکانی تەبرێز، چابەهار، کەنارک، بەندەر ماهشار و بەندەر ئیمام خومەینی گوێبیست کراون، و ڕوونی کردووەتەوە کە تەقینەوەکان گەیشتوونەتە شارەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوزستان، و سیستان و بەلووچستان.