ئەنبار – INA – ئەحمەد دلێمی

حکومەتی خۆجێیی لە پارێزگای ئەنبار، هەڵمەتێکی بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان لە فەللوجە ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا ئاراستەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی کرد بۆ ئەو خێزانانەی زێدەڕۆییان کردووە.

موئەیەد دلێمی، وته‌پێژی ڕاگەیاندنی پارێزگای ئەنبار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی فەللوجە و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی قایمقامی قەزاکە، دەستی کرد بە جێبەجێکردنی هەڵمەتێک بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان لە ناوچەی نێوان دوو پردەکە کە بە (گەڕەکی کوردان) ناسراوە، بەپشتبەستن بە یاسای لادانی زێدەڕۆیی ژمارە ١٥٤، لە چوارچێوەی بنەمای دادپەروەری، جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی موڵکی دەوڵەتدا."

دلێمی ڕوونی کردەوە کە "هەڵمەتەکە تەنها بەم ناوچەیەوە سنووردار نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی ڕێکارە بەردەوامەکاندایە کە شارەوانیی فەللوجە لە ناوچە جیاوازەکانی قەزاکەدا جێبەجێی دەکات،" جەختیشی کردەوە کە "حکومەتی خۆجێیی ڕێگە بە هیچ زێدەڕۆییەک بۆ سەر موڵکی دەوڵەت یان پێشێلکارییەکی یاسا نادات."

وتیشی "ئەو زەوییانەی هەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە بە تەواوی موڵکی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی فەللوجەن و زێدەڕۆییەکان بە شێوەیەکی نەیاسایی ئەنجام دراون،" و ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەندێک لە زێدەڕۆکاران خزمایەتییان لەگەڵ قایمقامی فەللوجەدا هەیە، بەڵام ناوبراو سوور بوو لەسەر جێبەجێکردنی یاسا بەسەریاندا هاوشێوەی باقیی زێدەڕۆکارانی دیکە و بێ هیچ جیاکارییەک."

ئاماژەی بەوەش دا کە "ژمارەیەک لە زێدەڕۆکاران خاوەنی خانوو، عەقار و ئۆتۆمبێلن لە ناو شاری فەللوجەدا، بەڵام بەم شێوەیەش زێدەڕۆییان کردووەتە سەر ئەو زەوییانەی کە سەر بە دەوڵەتن بە شێوازێکی پێچەوانەی یاسا."

لە بەرامبەردا دلێمی ڕوونی کردەوە کە "پاریزگاری ئەنبار، عومەر مەشعان دەببووس، ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بۆ ئەو خێزانە زێدەڕۆیانەی کە خانوو یان پارچە زەوییەکیان نییە، تا ئەو کاتەی ڕێکارە تایبەتەکانی دۆزینەوەی بەدیلی گونجاوی نیشتەجێبوون بۆیان تەواو دەکرێت."

جەختیشی کردەوە کە سەرجەم ڕێکارەکانی لادانی زێدەڕۆیی بەپێی سیاقە یاسایی و فەرمییەکان جێبەجێ دەکرێن بە ئامانجی پاراستنی موڵکی دەوڵەت، بە تایبەتی موڵکەکانی شارەوانی، و چەسپاندنی بنەمای سەروەریی یاسا و هێنانەدی دادپەروەری لە نێوان سەرجەم هاووڵاتییاندا بێ جیاکاری.