دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا شەوی ڕابردوو لە کاردانەوە بە دوایین هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتیەکان لە تەنگەی هورمز، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر ئێران.
سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن وتی "شەوی ڕابردوو زۆر بە توندی لێیانمان دان."
ترامپ هەروەها ڕایگەیاند ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی شەممە "زۆر نزیک بوون لە ڕێککەوتن."
دۆناڵد ترامپ وتی "ئەوان لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتبوون و دواتر دوو کاتژمێر دوای قسەکانیان، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر کەشتییەک."
سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لە دوایین هێرشەکانیدا 140 ئامانجی سەربازییان لە ئێران پێکاوە، ئەمەش لە کاردانەوە بە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە تەنگەی هورمز.
هاوکات لێدوانی دژبەیەک سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز بڵاوبووەتەوە.
ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە لە ئێستادا کەشتیەکان بۆیان نییە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە "لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنگەکە کراوەیە."
سەعاتێک پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکاش (سێنتکۆم) ڕایگەیاند تەنگەی هورمز کراوەیە و ئێران هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەردا نییە.


