بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،عەلی فالح زەیدی،سەرۆک وەزیران،جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک دەکات و پێشکەوتنی لەم دۆسیەیەدا بەدەستهێناوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشینەی کاری حکومەت،بونیادنانی دەوڵەتێکە کە عێراقییەکان شانازی پێوە بکەن.

سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)نێردراوە، تیایدا دەڵێت:

عێراق بە ساتێکی یەکلاکەرەوەدا تێپەڕ دەبێت لە ڕێڕەوی چاکسازی نیشتمانیدا،ئەو ساتەی کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە چاوەڕێیان دەکرد، و ڕێگاکە زۆر سەخت بوو لە دوای ئەو گۆڕانکارییەی لە ساڵی 2003 ڕوویدا، بە کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت، چونکە عێراقییەکان هەوڵیاندا بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و بەهێزکردنی یەکپارچەیی وڵات.

هەروەک دەشلێت : لەوکاتەوەی سوێندی دەستووریم خواردووە، پێشینەی کارم بونیادنانی دەوڵەتێک بووە کە سەرجەم عێراقییەکان شانازی پێوە بکەن، من سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکەم کە پابەندە بە دەستەبەرکردنی ئەوەی تەنها دەوڵەت خاوەنی هێزی یاسایی بێت. لە کەمتر لە 60 ڕۆژدا، حکومەتەکەم پێشکەوتنی لە کۆنترۆڵکردنی چەکی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکاندا بەدەستهێناوە، هەروەها کارمان کردووە بۆ سەروەری یاسا و دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان.

لەدرێژەی قسەکانیدا دەشڵێت : بەڵێنێکی پتەوم بە گەلی عێراق داوە کە ڕۆژی 30ی ئەیلول، کە کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ئامانجدار بێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشداوە : کە ئەم هەفتەیەدا، سەردانی واشنتۆن دەکەم، و چاوەڕێی قوڵکردنەوەی ئەم هاوبەشییە بە شێوازێکی ڕاستەقینە دەکەم،و دەمەوێت پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بگوازینەوە بۆ قۆناغی دروستکردنی دەرفەتەکان،بەتایبەت ئەو دەرفەتانەی کە کاریگەری ئابووری بەرچاویان هەیە، هەروەک لە دیدارم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕێگەی پراکتیکی بۆ بەدیهێنانی ئەم دیدگایە دەخەمە ڕوو.

هەروەک وتی: سەرۆکی ئەمریکا گرنگی بە ئەنجامەکان دەدات، منیش هەمان ڕێباز پەیڕەو دەکەم. گفتوگۆکانمان لەسەر وەبەرهێنان چڕ دەبنەوە، ئێمە دەمانەوێت گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا سەیری ئەو دەرفەتانە بکەن کە لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری عێراق،و کەرتی وزە، و پیشەسازی،و تەکنەلۆژیا و ئابووری دیجیتاڵیدا هەن.

ووتیشی : عێراق ڕۆڵی خۆی لە جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکاندا دەبینێت، و ئەزموونی من لە کەرتی بازرگانیدا فێری کردم کە متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،و سەقامگیری،و ڕوونی دیدگا و ڕەخساندنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەرنجڕاکێش، سەرجەمیان هۆکاری سەرەکین بۆ گۆڕینی ئاواتەکان بۆ پێشکەوتنی ئابووری بەرچاو.

هەر لەدرێژەی وتارەکەیدا زەیدی ئەوەش دەخاتە ڕوو : کە لە هەمان کاتدا، سەقامگیری ناوچەکە بابەتێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکەم، و عێراق ئەو پێکهاتانەی هەیە کە شیاوی دەکەن ببێتە ناوەندێکی ئابووری پێشەنگ لە ناوچەکەدا،بەهۆی ئەوەی خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین یەدەگی نەوتی پشتڕاستکراو لە جیهاندا، و هەروەها سەرچاوەی سروشتی زۆر،

و هێزی کاری لێهاتوو، و بازاڕێکی ناوخۆیی گەورە،کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوبەشێکی بێ وێنەیە لە بەهێزکردنی ئاشتی نێودەوڵەتی و فراوانکردنی بازنەی متمانە و هاوکاری نێوان عێراق و دراوسێکانی.

سەبارەت بە ململانێ و جەنگەکان، تەنها دەبنە هۆی فراوانکردنی بازنەی ئازار و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی گەشەپێدان کە بناغەی خۆشگوزەرانی لەسەر دروست دەبێت.

ڕوونیشیکردۆتەوە : کە عێراق دەتوانێت ببێتە هاوبەشێک لە بەدیهێنانی سەقامگیری ناوچەیی. هەروەها گفتوگۆ لەسەر ڕێگەکانی پەرەپێدانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی پەروەردە، و ڕاهێنان،و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا دەکەم، لەگەڵ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی تواناکانی ئەمنیی عێراق بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی گەلەکەمان بەدەستی هێناوە.

ئاشکراشیدەکات : کە عێراقییەکان تێدەگەن کە کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندی عێراق لەگەڵ جیهان و هاوبەشە ستراتیژییەکانی بنووسرێتەوە، لەسەر بنەمای تێکەڵبوون لە هەردوو سیستەمی ئابووری و دارایی جیهانیدا بێت، ومن پەیامێکی متمانە بۆ ئەمریکا دەبەم کە عێراق، وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، لە مەودایەکی یەکسانەوە لە ململانێ و بەرەی ناوچەیی دەوەستێت، و لەبری ئەوە ڕێگەی گەشەپێدان هەڵدەبژێرێت، دەست بۆ دۆستەکانی درێژ دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد: نەتەوە مەزنەکان بە ڕێکەوت دروست نابن، بەڵکو بە ئیرادەیەکی هوشیارانە دروست دەبن کە دەرفەتی ساتە مێژووییە گونجاوەکە دەقۆزێتەوە، کاتێک ئومێد لەگەڵ حیکمەتدا یەکدەگرێت، و بە سەرکردایەتییەک کە دروستکردنی پرد بەرەو داهاتوو هەڵدەبژێرێت، کە ئەمە ئەو هەڵبژاردەیەیە کە عێراقییەکان کردوویانە، و چاوەڕێی بەدیهێنانی ئەم داهاتووەم لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانمان.