فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی ئاسایشی ناوچەیی لە بەحرەین بە بەشداریی فەرماندە سەربازییەکانی 12 وڵات ئەنجامداوە.
سێنتکۆم ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە میوانداری هێزی بەرگری بەحرەین بووە و براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم و بەرپرسانی سەربازی وڵاتانی بەحرەین، میسر، ئوردن، کوەیت، لوبنان،عومان، قەتەر، سعودیە، سوریا، ئیمارات و یەمەن تێیدا ئامادەی بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم بەشداربووان باسیان لە بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری بەرگری کردووە، هەروەها جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشیان کردووەتەوە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و ئازادی بازرگانی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە.
براد کوپەر وتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانی و ئەم گفتوگۆیانە پابەندبوونی هاوبەشی لایەنەکان بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە نیشان دەدەن، هەروەها سێنتکۆم ڕایگەیاند ئەمە یەکەمجارە فەرماندە سەربازییەکانی سوریا و لوبنان بەشداری کۆبوونەوەی بەرگری ناوچەیی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکەن.

