بەیانی ڕۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی هاوبەشی ئەندرووزەوە بەرەو شارۆچکەی مەدۆرا لە داکۆتای باکوور بەڕێ کەوت.

دۆناڵد ترامپ لە شارۆچکەی مەدۆرا سەردانی کتێبخانەی تیۆدۆر ڕووسڤەڵت دەکات کە بەشێکە لە پارکی نەتەوەیی تیۆدۆر ڕووسڤەڵت.

ئەم کتێبخانە و پارکە نەتەوەییە وەکو یادەوەریی سەرۆک ڕووسڤەڵت لەوێ دروست کراوە چونکە ئەو سەرۆکەی ئەمەریکا بەشێکی ژیانی خۆی لەو ناوچەیە بەسەر بردووە. تەنانەت گوتوویەتی ''من هەرگیز نەمدەتوانی ببمە سەرۆکی ئەمەریکا ئەگەر ئەزموونی ژیانم لە داکۆتا نەبووایە.''

تیۆدۆر ڕووسڤەڵت بیست و شەشەمین سەرۆکی ئەمەریکا بووە و لە ساڵەکانی نێوان 1901-1909 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە.

شایەنی باسە کتێبخانەکە لە ڕۆژی 4ی مانگی حەوتدا کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆییی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی دەکرێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو یادەوەرییەی سەرۆکی کۆچکردوو تیۆدۆر ڕووزڤەڵت سەرنجی ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ناوخۆی ئەمەریکا و تەنانەت دەرەوەی ئەمەریکاش بۆ ئەو ناوچە دوورە دەستە ڕابکێشێت.

ویلایەتی داکۆتای باکوور هاوسنوورە لەگەڵ ویلایەتەکانی داکۆتای باشوور، مینەسۆتا، مۆنتانا و وڵاتی کەنەدا.