بەغداد – INA
ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیران دادوەر مونیر حەداد، زانیاری و پێشهاتی بەرفراوانی لەبارەی هەڵمەتی بەردەوامی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاشکرا کرد، و جەختیکردەوە: قەبارەی ئەو پارانەی لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا لە عێراق دزراون، لە بەربەستی دوو تریلیۆن (زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار) تێدەپەڕێت. ناوبراو ژمارەی دزییەکان و موڵک و ماڵی تۆمەتبارانی بە شتێک وەسف کرد کە لە دەرەوەی عەقڵ و لۆژیکدایە، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد: دادگاییکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبێت.
حەداد لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "عێراقییە نیوز" کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون بەردەوامە و هیچ ئامارێکی کۆتایی لەسەر ژمارەی دەستگیرکراوەکان نییە، چونکە ژمارەکە بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەكانەوە ڕۆژانەوە هەمیشە لە زیادبووندایە". ڕوونیشیکردەوە: "تۆمەتبارە سەرەکییەکانی ئێستا دانیان بە وردەکارییەکاندا ناوە، ئەمەش وایکردووە دەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکان تۆمەتباری دیکەش ڕاپێچ بکەن، بە جۆرێک هەندێک لە داواکراوەکان هەوڵیانداوە ڕابکەن و بەرەو دەرەوەی عێراق یان هەرێمی کوردستان هەڵبێن، کە هەرێم لەم ڕووەوە هاوکاریی کردوون و تا ئێستا هەشت تۆمەتباری ڕادەست کردوونەتەوە".
ئاشكراشیكرد: "لیستی تۆمەتباران گەندەڵکارانی نێو بەرپرسانی باڵا دەگرێتەوە، لەوانەش بەرپرسانی ئێستا و پێشوو و پەرلەمانتاران، هەروەها ئەو تاوانانەی سەیر دەکرێن تەنها سنووردار نین بە دزینی باوی پارەی گشتی، بەڵکو دۆسیەی هەڵاوسانی نائاسایی سەروەتیش دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر بنەمای (ئەمەت لەکوێ بوو؟) و لە رووی یاساییەوە وەک تاوانی سپیکردنەوەی پارە پۆلێن دەکرێن".
ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیران ژمارە دۆزراوەکانی لای بریکارانی وەزارەت و بەرپرسانی بە شتێک وەسف کرد کە نە دەخوێندرێتەوە و نە باوەڕ دەکرێت، تا ئەو ڕادەیەی هاوسەری یەکێک لە تۆمەتبارەکان خانوووبەرەیەکی بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار کڕیوە، کە ئەم بڕە پارەیە بەسە بۆ دروستکردنی گەورەترین ڤێلا لە پاریس یان ئەمستەردام، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بەرپرسانێک کە هەر یەکێکیان زیاتر لە پەنجا خانوووبەرەی بە ناوی خۆی یان خێزانەکەیەوە تۆمار کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "یاساکانی عێراق تایبەت بە پاراستنی ماڵی گشتی، پابەندت دەکەن بە لێپرسینەوە و دادگاییکردنی هۆکار و ئەو لایەنانەی لە پشت دامەزراندنی ئەم گەندەڵکارانە یان دانانیان بوون لە پۆستە هەستیارەکاندا"، هاوکات سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی "چۆن فەرمانبەران یان ئەندازیارانی سادە لەپڕێکدا و بەبێ هەبوونی لێهاتووییەک کە شایستەیان بکات، بازیان داوە بۆ پۆستی بریکاری وەزیر، تەنها بە مەبەستی داپۆشینی دزییەکان".
هاوكات جەختیکردەوە: کە "تەواوی ئەو پارە گێڕدراوانە و خانوووبەرە دەستبەسەرداگیراوەکان بە تەواوی دەگەڕێنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەتی عێراق"، متمانەی ڕەهای خۆی بە جدییەتی سەرۆک وەزیران دەربڕی و بە "شۆڕشگێڕێک دژی گەندەڵی و گەنجێکی سەرکەوتوو و بەتوانا" وەسفی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد: "هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی نییە کە ڕێگری لەم هەڵمەتە بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی زۆر بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا هەیە".
سەبارەت بە درێژبوونەوەی هەڵمەتەکە، حەداد پەردەی لەسەر وردەکاریی لەناوبردنی تۆڕی نوێ لە پارێزگاکان لادا و وەک نموونە ئاماژەی بەوەکرد: کە لە فەرمانگەی کارەبای بەسرە ڕوویداوە و زیاتر لە ٢٨ کەسایەتی دەستگیرکراون، جەختیشیکردەوە: "هەڵمەتەکە فەرمانگەکانی ناسریە، عەمارە و پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە بەبێ هیچ جیاکارییەک یان هێڵی سوور، وە هیچ بنمیچێکی کاتیش بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە نابێت".
ڕوونیشیکردەوە: "لە ئێستادا لێکۆڵینەوە و هەڵکوتانە سەرەکان بە نهێنییەکی تەواو بەڕێوەدەچن؛ بۆ دڵنیابوون لە ڕانەکردنی داواکراوەکان، هەروەها سەرۆک وەزیران توندوتۆڵیەکی زۆری نیشانداوە و داواکاری و ناڕەزایەتی ئەو لایەنە سیاسییانەی ڕەتکردووەتەوە کە لە پەتی دانپێدانانەکان دەترسن"، جەختیشیکردەوە: "هەڵمەتەکە حەتمەن دەگاتە قۆناغی دادگاییکردنی ئاشکرا و دانیشتنی کراوە بۆ ئەوەی لەبەردەم هاووڵاتیاندا پەخش بکرێت، ڕێک وەک ئەو دادگاییکردنانەی کە بۆ سەدام حسێنی گۆڕبەگۆڕ و ڕژێمە پێشووەکەی ئەنجامدران".
حەداد تەئكیدی لە "نەبوونی ئەگەری ئازادکردنی تۆمەتبارە مەحکومکراوەکان" کردەوە و وتی: "کەسی مەحکومکراو جێگەی زیندانە، تەنانەت ئەگەر یەکێکیان بە کەفالەتیش بێتە دەرەوە، ئەمە بە واتای بێتاوانیی ئەو نایەت، بەڵکو دادگاییکردنێک چاوەڕوانی دەکات و دەربازی نابێت، بەتایبەت کە ئازادکردنی مەرجدار بە کەفالەت پێویستی بە پێدانی بڕە پارەیەک هەیە کە هاوتای قەبارەی پارە دزراوەکە بێت"، ستایشی دادوەرانی دادگاکانی دەستپاکییشی کرد و بە "ئازا و بێلایەن و توند کە لە پێناو حەقدا سڵ لە لۆمەی لۆمەکاران ناکەنەوە" وەسفی کردن.

