هەولێر - INA - ئیڤان ناسر

ئیدارەی خۆجێیی لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی كڵێسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، دۆسیەکانی سەقامگیری، پێکەوەژیانی ئایینی، و بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

لە بەیاننامەیەکی پارێزگاکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێرداوە، هاتووە: "پارێزگار ئومێد خۆشناو پێشوازی لە شاندێکی كڵێسا کرد کە پێکهاتبوو لە قەشە جیم براون، سەرۆکی كڵێسای نعمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و قەشە مەلاز بایسۆن، سەرۆکی كڵێسای ئیتیحاد لە هەولێر، و شاندی یاوەریان،" ئاماژە بەوەش دراوە کە "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمدا کرا."

بەپێی بەیاننامەکە، خۆشناو جەختیکردەوە: "پارێزگای هەولێر خاوەنی مێژوویەکە لە پاراستنی هەمەجۆریی ئایینی و نەتەوەیی، و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان موسوڵمانان، مەسیحییەکان، ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە."

پارێزگار ئاماژەی بەو ڕۆڵە کرد کە "هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، گێڕاویانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایش،" لە هەمان کاتدا تیشکی خستە سەر "بەردەوامبوونی هەرێم لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی مرۆیی وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارە عێراقییەکان و ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوون و لە کەمپ و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا جێگیرن."