بەغداد – INA
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی ئەو دامەزراوانە کردەوە کە پەیوەندیدارن بە یادەوەری نیشتمانی، لەگەڵ پێویستی بەردەوامبوونی کارەکان لە بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو، و چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری و ئینساف.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، پێشوازی کرد لە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق عەبدوڵا حاجی مەحمود، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی وەلید عەبدولحەسەن سەهلانی؛ ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی هاوبەش کە پەیوەندییان بە قوربانیانی ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو و مافەکانی بنەماڵەکانیانەوە هەیە."
بەیاننامەکە راشیگەیاند: "لە میانی دیدارەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەوەی کە پەیوەندی بە کاروباری شەهیدان، قوربانیانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسییەوە هەیە، بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات لە دادپەروەری بەرامبەر بەم توێژە قوربانیدەرانە و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافەکانیان و چاودێریکردنی کەسوکاریان."
بەپێی بەیاننامەکە، زەیدی جەختی کردەوە لەسەر "پاڵپشتیکردنی ئەو دامەزراوانەی کە تایبەتن بە یادەوەری نیشتمانی، و پێویستی بەردەوامبوونی کارەکان لە بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو، و چەسپاندنی بەهاکانی دادپەروەری و ئینساف، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی هۆشیاری نیشتمانی لای نەوەکانی داهاتوو."

