ئەنبار - INA - ئەحمەد دلێمی
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیکردەوە: لە ئێستادا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و تەنگپێهەڵچنینی ئەلیکترۆنی.
بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ، حسێن عەوادی، لە گوتارێکدا لە میانی "کۆنگرەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی" کە پارێزگای ئەنبار میوانداری کردبوو و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هاوبەشی نیشتمانی بنەمایەکی بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردە نەرێنییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری پێکدەهێنن،" جەختیشی لەوە کردەوە کە "چەمکی ئاسایشی هاوچەرخ چیتر تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاواندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پشت بە پاراستنی مرۆڤ، بەهێزکردنی دادپەروەری، و بنیاتنانی پردی متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەبەستێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "پارێزگای ئەنبار هێمایەکە بۆ قوربانیدان و سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا،" و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "قۆناغی ئێستا پێویستی بە بەرپەرچدانەوەی تەحەددیاتی جۆرێکی تر هەیە، کە خۆی لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تەنگپێهەڵچنینی ئەلیکترۆنی، سوودخۆری، جادوو و فاڵگرتنووە، تەقەکردنی هەڕەمەکی، و هزری توندڕەویدا دەبینێتەوە."
عەوادی داوای لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت، زانکۆکان، هۆکانی ڕاگەیاندن، لەپاڵ پیاوانی ئاینی، شێخەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کرد بۆ "تەواوکاریی هەوڵەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی،" و جەختی کردەوە کە "وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی توندی یاسا دژی هەر کەسێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵگە بکات یان سوود لە هاوڵاتیان وەربگرێت؛ چونکە بنیاتنانی هۆشیاری وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی داهاتووی عێراق، و هەمیشە خۆپاراستن وەک هێڵی یەکەمی بەرگری دەمێنێتەوە."
لەلایەن خۆیەوە، فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار، لیوای مافپەروەر عادل حامید ڕەشید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "فەرماندەیی پۆلیس لە چوارچێوەی دیدگایەکی گشتگیری ئاسایشدا کاردەکات کە لە نێوان هۆشیاری، خۆپاراستن، و جێبەجێکردنی یاسادا یەکگرتن دروست دەکات.



