بەدواداچوون - INA
یەکەم شەپۆلی گەرمای ئەم هاوینەی ئیسپانیا، تەنها لە ماوەی چوار ڕۆژدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٠٠ کەس، ئەمەش لە سایەی تۆمارکردنی پلەی گەرمیی پێوانەیی و بێپێشینە کە لە ٤٥ پلەی سیلیزی تێپەڕی.
داتا فەرمییەکانی سیستەمی چاودێریی گیانلەدەستدان لە زانکۆی (کارلۆسی سێیەم)، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، نیشانی دەدەن کە "ژمارەی ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢١٢ کەس، ئەوەش لە ماوەی نێوان ڕۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممەی ڕابردوو بووە، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی کەشوهەوا کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە."
بەپێی ئاماژە ژمارەییەکانی زانکۆکە، "ڕۆژی چوارشەممە بەرزترین و سەختترین ئاماری تێدا تۆمارکراوە کە ٩٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان بووە، ئەمەش نزیکەی نیوەی کۆی گشتیی قوربانیانی شەپۆلەکەیە، لە کاتێکدا حاڵەتەکانی دیکە بەم شێوەیە دابەشبوون: ڕۆژی سێشەممە ٦٦ حاڵەت، دووشەممە ٣٨ حاڵەت، و ڕۆژی یەکشەممە ١٣ حاڵەت."
لای خۆیەوە، دەستەی کەشناسیی ئیسپانیا جەختی کردەوە کە "ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو گەرمترین ڕۆژ بوون لە مێژووی وڵاتەکەدا بۆ ئەم کاتەی ساڵ، لەوەتەی لە ساڵی ١٩٥٠وە دەستکراوە بە تۆمارکردنی فەرمیی پلەکانی گەرما."
ئەم شەپۆلە گەرمایە لە کاتێکدایە کە هۆشداریی ناوەندە زانستییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە لێکەوتەکانی گۆڕانی خێرای کەشوهەوا ڕوو لە زیادبوونە، کە بووەتە هۆی بازدانی بێپێشینەی پلەکانی گەرما لە ناوچە فراوانەکانی کیشوەری ئەوروپا.
