بەدواداچوون – INA
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە کارەساتی کەربەلا لە ویژداندا دەژی و چرای خۆشەویستیی ئەهلی بەیت لە ناو دڵەکاندا چەسپاوە.
ئەردۆغان لە گوتارێکدا لە میانی خوانی "بەربانگی مانگی موحەڕەم" کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە سازی کردبوو و ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "کارەساتی کەربەلا لە ویژدانماندا دەژی و چرای ڕێنوێنیی ئەهلی بەیت لە دڵەکانماندا جێگیرە." هاوکات بانگی بۆ "بەهێزکردنی یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان ڕۆڵەکانی ئوممەتی ئیسلامی" کرد و جەختیشی کردەوە کە "دەوڵەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک جیاکاری لەنێوان هاووڵاتیانی خۆیدا ناکات لەسەر بنەمای ئینتیمای مەزهەبی، فیکری یان بیروباوەڕ."
ئەردۆغان ئاماژەی بە پابەندبوونی حکومەتەکەی بە پرەنسیپی یەکسانی کرد و وتی: "ئێمە هیچ جیاکارییەکمان لەنێوان کەسدا نەکردووە بەهۆی بیروباوەڕ، مەزهەب، ڕێچکە یان تێڕوانینی بۆ ژیان، بەڵکو بە گیانی برایەتی، بەزەیی و دادپەروەرییەوە مامەڵەمان لەگەڵ هەموواندا کردووە."
لە چوارچێوەی یادکردنەوەی ڕووداوی پڕ لە ئازاری کەربەلادا، سەرۆکی تورکیا دروودی بۆ گیانی ئیمام حوسێن کوڕی عەلی (سەلامی خوایان لێبێت) و ئەهلی بەیت و هاوەڵەکانی نارد و وتی: "کارەساتی کەربەلا لە ویژدانماندا دەژی و ئازار و قووڵایی خەمەکەی لە ناو دڵماندا دەخورۆشێت، وەک ئەوەی دوێنێ ڕوویدابێت." هەروەها وتیشی: "بە شەهیدبوونی ئەو پاکانە، جەستەکان کەوتن بەڵام 'حەق' نەکەوت، خۆشەویستیی ئەهلی بەیت وەک چرایەک لە دڵەکاندا چەسپاوە و ڕێزگرتن لێیان کۆڵەکەی سەرەکیی کولتوور و مێژووی ئەم گەلەیە."
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، ئەردۆغان هانی هەمووانی دا بۆ دەستگرتن بە برایەتی و بەها هاوبەشەکانەوە، و ئایەتە پیرۆزەکەی خوێندەوە: ﴿وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا﴾ وەک قەڵغان و بەرگرییەکی بەهێز بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو هەوڵەکانی دووبەرەکی و ناکۆکی


