هەولێر - INA
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت، بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار پەسەند کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خرایە ڕوو، کە لە ڕۆژی 2026/6/18 لە بەغدا واژۆ کرا.
لەمبارەیەوە لیژنەی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەش و لەیەکترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو لا دەڕوانێت کە ئامانجی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لە سەرتاسەری عێراق و بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و پەرەپێدانی ڕوونی و شەفافیەتە لە داهاتی سنوورە گومرگییەکان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی ڕووتین و برەودان بە جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەنگاوانە بووە و برەوی پێداوە.
ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پشتیوانی لە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمان کاتدا وەزارەتەکانی ( دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی ) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری کە بڕیارە حەفتەی داهاتوو ، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.
هەر لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ساز بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان کە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی و بەکارهێنانەوەی لە خزمەتی گشتی هاووڵاتییان و هەروەها ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستووری و قانونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵیيەکان و هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا .
لە بڕگەی دووەمدا ، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران كرد.
سەرەتا وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی پوختی خستەڕوو سەبارەت بە چاکسازییەکانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران، بە تایبەتی بە دیجيتاڵکردنی ڕێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چالاککردنی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و گلدانەوەی لێبڕینی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران و بەشداریی داراییی خاوەنکار لەم سندوقە و چالاکردنی نووسینگەکانی بەکارخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، سەرەڕای سازدانی خولەکانی ڕاهێنان و فێرکردنی پیشەکان، کە ئەم ڕێکارانەش وای کردووە کە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستبەر کراون، بگاتە نزیکەی 64 هەزار پڕۆژە، و سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو بە شێوازێکی بەرچاو، کە ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 320 هەزار کرێکار، ئەوەی ئەم ڕێکارانە بووەتە هۆی هاندانی گەنجان بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و دابینکردنی مافی خانەنشینی و وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، لە دوا بڕگەی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشنیاری دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت کرد بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.
سەرەتا سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشییان لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکومەتدا، بە هاوکاریی نووسینگەی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، کار و پڕۆژە و چالاکیی گرنگیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.
ئەنجومەنی وەزیران بە بایەخەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هەنگاو و ڕێکارانە كرد کە بوونەتە هۆی برەودان بە بەکارخستن لە دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و هەوڵدان بۆ یەکسانکردنی مافەکانی خانەنشینی و دەستەبەر لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی و پاراستنی مافی کرێکاران و چالاککردنی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

