بەغداد - INA
ئەمانەی بەغداد، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی هاوبەشی لەگەڵ شاری تنجەی مەغریبی واژۆ کردووە.
ئەمانە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دامەزراوەییەکان و کرانەوە بەڕووی ئەزموونە نێودەوڵەتییە سەرکەوتووەکاندا، ئەمانەی بەغداد یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی هاوبەشی لەگەڵ شاری تنجەی شانشینی مەغریب واژۆ کرد".
راشیگەیاند: "لە لایەنی عێراقییەوە، سەرۆکی ئەمانەی بەغداد ئەندازیار عەممار موسا کازم یاداشتنامەکەی واژۆ کرد، لەکاتێکدا لە لایەنی مەغریبییەوە لەلایەن سەرۆکی شارەوانی تنجە مونیر لیموری واژۆ کرا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمیی ڕێکخراوی شارە یەکگرتووەکان و حکومەتە خۆجێییەکان محەمەد دۆمان، و سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی شارە عەرەبییەکان بەدر وائیل عەجیل، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی شارە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانی بەشداربوو لە کارەکانی کۆنگرەی ڕێکخراوی شار و حکومەتە خۆجێییە یەکگرتووەکان (UCLG) کە لە شاری تنجەی مەغریبی بەڕێوەدەچێت".
بەیاننامەکە ئاشكراشیكرد: "یاداشتنامەکە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری نێوان هەردوو شارەکە و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کاری هاوبەشە، لە ڕێگەی گۆڕینەوەی ئەزموونە هونەری و کارگێڕییەکان و تاقیکردنەوە سەرکەوتووەکان لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی شارستانی، گەشەپێدانی بەردەوام، خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان و حوکمڕانی خۆجێیی. هەروەها هاوکاری لە بوارەکانی پلاندانانی شارستانی، گۆڕانی دیجیتاڵی، پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە هاوچەرخەکانی شارەوانی لەخۆدەگرێت، بەشێوەیەک کە توانای حکومەتە خۆجێییەکان بەهێز بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی شارستانیشین و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام".

