بەغداد – INA
وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لە گرنگیی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان کردەوە، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی گفتوگۆ دا بۆ تێپەڕاندنی لەمپەرە تەکنیکی و کارگێڕییەکان.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "نەسیر عەزیز بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، بەشداریی لە کۆڕبەندی کۆمپانیا نەوتییەکانی سەرگەرمی کار لە عێراق کردووە، و جەختی لە گرنگیی گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بە گیانی یەک تیم کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە تێپەڕاندنی لەمپەرە تەکنیکی، گرێبەستی و کارگێڕییەکان، و خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان".
عەزیز ـ بەپێی بەیاننامەکە ـ ئاماژەی بەوەکرد: کە "کەرتی دەرهێنان یەکێکە لە گرنگترین کۆڵەکەکانی ئابووری نیشتمانی، بەهۆی ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی کە هەیەتی لە زیادکردنی سەرچاوە داراییەکان، دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان، و بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا".
وتیشی: "قۆناغی ئێستا پێویستی بە کارێکی هاوبەش هەیە بە گیانی یەک تیم لە نێوان کۆمپانیا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پلانەکانی وەبەرهێنانی نموونەیی لە سامانی نەوت و گازدا، گەشەپێدانی ژێرخان، زیادکردنی بەرهەمهێنان و باشترکردنی جۆرییەکەی، سەرەڕای خێراکردن لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ و غازی سروشتی، و گۆڕینی بۆ بەهایەکی ئابووری کە پاڵپشتی کەرتی وزە و گەشەپێدان بکات".
ڕوونیشیکردەوە: "دیدگای حکومەت جەخت لە گرنگیی فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان و کاری هاوبەش دەکاتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان، و ئاسانکاریی ڕێکارەکان بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا، و ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی شەفافییەت و کارایی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا".
ئەوەشی ڕوونکردەوە: کە "پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەواوکارییە نەک تەنها لەسەر بنەمای جێبەجێکردن"، جەختیشیکردەوە: کە "گفتوگۆی بەردەوام و پێداچوونەوەی هاوبەش بۆ دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، ڕێگایەکی نموونەیین بۆ چارەسەرکردنی تەحەددییەکان، پێداچوونەوەی تێچووەکان، خێراکردنی سپاردنی پڕۆژەکان، و بەدیهێنانی بەرزترین ئاستی کوالێتی و سەلامەتی".
بریکاری وەزارەتەکە جەختی لە "گرنگیی پێشخستنی کادیرانی عێراقی، و جێبەجێکردنی پرۆگرامەکانی ڕاهێنان و گواستنەوەی ئەزموونەکان بە شێوازێکی کرداری و دادپەروەرانە کردەوە، بە جۆرێک کە تواناکانی کارامەییە نیشتمانییەکان لە بەڕێوەبردن و بەگەڕخستنی پڕۆژەکاندا بەرز بکاتەوە، و پاڵپشتی ڕەوتی عێراقییکردنی کارەکان لە کەرتی نەوتدا بکات، هەروەها پێویستی پابەندبوون بە پێوەرەکانی تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE) لە سەرجەم شوێنەکانی کاردا؛ لەپێناو پاراستنی کارمەندان، دامەزراوەکان و ژینگە، و بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنان و سەقامگیریی پرۆسەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆڕبەندی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەرفەتێکی گرنگە بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان، بەهێزکردنی متمانە لە نێوان وەزارەت و هاوبەشەکانیدا، و گواستنەوە لە دەستنیشانکردنی کێشەکانەوە بۆ داڕشتنی چارەسەری کرداری و جێبەجێکراو؛ لەپێناو خزمەتکردن بە عێراق و کەرتی نەوت و گازی وڵاتەکە".


