بەغداد - INA
حەنان فەتلاوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی پەرلەمانی عەرەبی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی لە پاڵپشتی عێراق و گەلەکەی بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دۆزی فەلەستین کردەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی وەک نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبوسی، بەشداریکرد لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئامادەکاری هەشتەمین کۆنگرەی پەرلەمانی عەرەبی و سەرۆک کۆمار و سەرۆک پەرلەمانە عەرەبییەکان کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەردەوام دەبێت".
بەیاننامەکە راشیگەیاند: "فەتلاوی لەگەڵ شاندە پەرلەمانییە عەرەبییەکاندا کارنامەی کۆبوونەوەکە و ئامادەکارییە کۆتاییەکانی بۆ کۆنگرەکە تاوتوێ کردووە، کە بڕیارە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا لە قاهیرە بە بەشداری سەرۆکی ئەنجومەن و پەرلەمانە عەرەبییەکان و ئەمیندارە گشتییەکانیان بەڕێوەبچێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "لیژنەی ئامادەکاری ئەو دۆسیانەی تاوتوێ کردووە کە کۆنگرەکە باسیان لێوە دەکات و تایبەتن بە بارودۆخی گشتی لە جیهانی عەرەبیدا، کە دیارترینیان پەسەندکردنی ڕەشنووسی دیدگای پەرلەمانی عەرەبییە سەبارەت بە سەروەریی دیجیتاڵی، و پڕۆژە بڕیارێک سەبارەت بە گەڵاڵەکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتووی پەرلەمانی عەرەبی بەرامبەر بە هێرشەکان بۆ سەر سەروەریی وڵاتانی عەرەبی، سەرەڕای تاوتوێکردنی پڕۆژە بڕیارێک سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاستەکانی زایۆنیزم کە ئامانجیان سڕینەوەی دۆزی فەلەستینە و بەهێزکردنی هەڵوێستی پەرلەمانی عەرەبی بۆ پاڵپشتیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین".
بەپێی بەیاننامەکە، پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عەرەبی جەختی لەسەر "پێویستی دەرچوون بە هەڵوێستی یەکگرتووی عەرەبی کردەوە کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلان بێت، و جەختیشی لە پاڵپشتی عێراق و گەلەکەی بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و لە سەرجەم ئاستەکاندا کردەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە تەمەنای گەلانی عەرەب بەدی دەهێنن بەرامبەر بە تەحەددی و دۆزە جیاوازەکان و لە پێشەنگیشیاندا دۆزی فەلەستین".

