بەغداد – INA

سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای سەردانە ملیۆنییەکانی کرد بۆ بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی پلانی سەردانی عاشورا، هاوکات ڕێنمایی دا بە ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیری ئەمنی و خزمەتگوزاریی تایبەت بە ئه‌ربه‌عیینه‌ی سەیدی شەهیدان (سەلامی خوای لێبێت).

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەباح نعمان، لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای سەردانە ملیۆنییەکانی کرد، کە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا سازکرا بوو."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی وت: "زەیدی گوێبیستی پوختەیەکی ورد بوو سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پلانی تایبەت بە سەردانی دەی محەرەم، ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێبێت)، لە تەواوی تەوەرەکانی هاتوچۆی سەردانیکەراندا"، هاوكات جەختی لەسەر کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گرنگ کردەوە، کە لە پێشەنگیاندا: دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سەرخستنی ئەم سەردانە بوو کە ملیۆنان کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات زیندووی دەکەنەوە، لەگەڵ پشتبەستن بە هەوڵی هەواڵگری و دوورکەوتنەوە لە دەرخستنی دیمەنی سەربازی لەو شار و ڕێگایانەی کە لە حەرەمی پیرۆزەوە نزیکن.

نعمان جەختیشی کردەوە کە "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێداگیری کرد لەسەر دەستەبەرکردنی پرۆسەی گواستنەوەی سەردانیکەران، هەروەها گەڕانەوەی پێچەوانەیان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، و خستنەگەڕی هەوڵەکانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان."

نعمان وتیشی: "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕێنمایی دا بە ئامادەکردنی پلانێکی گشتگیری ئەمنی و خزمەتگوزاریی تایبەت بە ئه‌ربه‌عیینه‌ی سەیدی شەهیدان (سەلامی خوای لێبێت) ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی دەی مانگی محەرەمی حەرام"، هاوكات لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە لەسەر "پێویستیی یەکخستنی گوتاری ڕاگەیاندن، بەو جۆرەی کە مەزنیی ئەم بۆنەیە و بنەماکانی خاوەنی ئەم یادەوەرییە نەمڕە دەربخات، و دوورکەوتنەوە لە دروشم و دەمارگیریی تائیفی، و جەختکردنەوە لەسەر ئەو بەها مرۆییانەی کە ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێبێت) هەڵگریان بووە، کە شۆڕشەکەی تەنها لەسەر ئاینێک یان تائیفەیەک کورت نەبووەتەوە."