وەزارەتی زانیاری ئێران ئەمڕۆ شەممە پشتڕاستی کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای ئیلام 17 کەسیان دەستگیر کردووە کە، بە پێی وەزارەتەکە، پەیوەندییان بە "تۆڕێکی سیخووری" هەیە.
لە ڕاگەیاندنەکەدا سێ کەس لەوانە وەک “سەرکردەی مەیدانی” ناسێنراون و ناویان بە موراد-ع، مەهدی-ک و رەزا-ف هاتووە.
وەزارەتی زانیاری ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو کەسانە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا دەستگیر کراون. جگە لە تۆمەتی سیخوڕی، هەروەها گوتوویەتی دەستگیرکراوەکان لە وێرانکردنی موڵکی گشتی، سووتاندن و تەقاندنەوە تێوەگلاون.
وەزارەتی زانیاری ئێران دەڵێت سێ بۆمبی تی ئێن تی، کلاشنیکۆفێک و ژمارەیەک چەکی تر لەگەڵ ئەم کەسانە گیراون.
بە پێی ئەم راگەیێندراوە، ئەو کەسانە لە شارەکانی ئیلام، سەراولە و مەڵەکشاهی گیراون.
هەروەها رێکخراوی کوردپا لە راپۆرتێکدا وێڕای ئاماژە بە زنجیرەیێک لە دەسبەرەکرانی "سەرەڕۆیانە" لە پارێزگای ئیلام، ڕایدەگەیەنێت دوێنێ 19ی مانگ موجتەبا کاکایی هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان لەلایەن هێزە ئاساییشییەکانی رژێمەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار بردراوە.
ئەو رێکخراوە هەروەها باس لە گیرانی کەسێکی تر بە ناوی ئەمیر حوسەین روستەمی لە ناوچەی شەبابی ئیلام دەکات و دەڵێت هەتا ئێستا جارەنووسی ئەم کەسە نادیارە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران هەمیشە بانگەشەکانی سیخووری بەکاردێنێت بۆ دەستبەسەر کردن و سزادانی هاووڵاتیان و لەناوبردنی هەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی و مەدەنی ناکۆک بە کۆماری ئیسلامی.


