وەرزش – INA

ستالە سۆلباکن، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نەرویج، دووپاتی کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عێراق قورس دەبێت و پێویستی بە بەرزترین ئاستی تەرکیز و ئامادەیی هەیە، هاوکات ستایشی ئەو ئاستە بەرزانەی کرد کە "شێرەکانی ڕافیدەین" لە میانی یارییەکانی پاڵاوتندا پێشکەشیان کردووە.

سۆلباکن لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە یارییەکەدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "هەڵبژاردەی عێراق بە ڕێکخستنێکی بەرز و پاراستنی لێکنزیکیی هێڵەکانی بەرگری و ناوەندی جیا دەکرێتەوە، وێڕای ئەوەی خاوەنی هێرشبەرانێکە کە بەهێزیی جەستەییان هەیە و دەتوانن سوود لە تۆپە بەرزەکان (عرضية) وەربگرن لە ڕێگەی ئامادەبوونی چڕیان لە ناو ناوچەی سزادا."

ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد کە عێراق خاوەنی عەقڵییەتێکی بەهێز و گیانێکی شەڕەنگێزیی بەرزە، و ئاستی زۆر نایابی لە پاڵاوتنەکاندا پێشکەش کردووە؛ ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق لایەنی باشتر بووە لە یارییەکانی بەرامبەر ئیمارات و بۆلیڤیا، هەروەها خاوەنی ستافێکی هونەرییە کە ئەزموونێکی زۆری لەم جۆرە یارییانەدا هەیە.

ڕاهێنەرە نەرویجییەکە ڕوونی کردەوە کە تیمەکەی خۆی بەو سوپرایزانەوە سەرقاڵ ناکات کە پاڵەوانێتییەکە بەخۆیەوە بینیویەتی، و جەختی کردەوە کە تەرکیزی ئەوان تەنها لەسەر ئەدای خۆیانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆپی پێی جیهانی لە یەکتر نزیک بووەتەوە و جیاوازیی نێوان هەڵبژاردەکان زۆر کەم بووەتەوە.

سۆلباکن ڕوونیشی کردەوە کە ستافی هونەری بە وردی بەدواداچوونی بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە و خاڵە بەهێزەکانی دەزانێت، بۆیە تەرکیزی تەواو لەسەر پێشکەشکردنی باشترین ئەدا دەبێت لە ناو یاریگادا.

سەبارەت بە پێکهاتەی سەرەکیش، ئاشکرای کرد کە تا ئێستا یاریزانەکان لە پێکهاتەکە ئاگادار نەکراونەتەوە، و ڕوونی کردەوە کە ڕۆڵی یاریزانە یەدەگەکان کەمتر نییە لە ڕۆڵی یاریزانە سەرەکییەکان، و ڕەنگە کورسیی یەدەگ خاوەنی کاریگەریی یەکلاکەرەوە بێت لە ئەنجامی یارییەکەدا.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەرک و ڕۆڵە هێرشبەرییەکانی تیمەکەی بەپێی شێوازی یاریی هەڵبژاردەی عێراق و بارودۆخی یارییەکە دیاری دەکرێن، و جەختی کردەوە کە شێوازی هێرشبەریی نەرویج بەردەوام بەپێی ڕووداوەکانی یارییەکە دەگۆڕێت.

سۆلباکن لە کۆتایی قسەکانیدا پەرۆشیی گەورەی خۆی بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نیشاندا و پێشبینی ئامادەبوونێکی جەماوەریی ناوازەی لە مدرجەکاندا کرد، و دووپاتی کردەوە کە هەردوو هەڵبژاردەکە ماوەیەکی درێژە چاوەڕوانی ئەم ساتە مۆندیالییە دەکەن، و هیوای خواست یارییەکە لە ئاستی گرنگیی ئەم بۆنەیەدا بێت.