نێودەوڵەتی – INA
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جی دی ڤانس، ئهمڕۆ سێشەممە، دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هاوکاریی ئێران دەکەن بۆ ڕزگاربوون لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە کۆی کردووەتەوە.
ڤانس لە لێدوانێکدا بۆ هەردوو تۆڕی (CNN) و (NBC) ڕایگەیاند: "لە دانوستانە تەکنیکییەکانی داهاتوودا چەندین پرسی هەڵپەسێردراو یەکلایی دەکرێنەوە،" و ڕوونیشی کردەوە کە "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە دەرفەت بە ئێران دەدات کە سوود و دەستکەوت بەدەستبهێنێت لە بەرامبەر پابەندبوونی بە بەڵێنەکانیەوە."
ئەوەشی وت کە لە بڕگەی یەکەمی بەڵگەنامەکەدا، جەخت لەسەر پابەندبوونی واشنتن و تاران بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کراوەتەوە.
ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە ناتوانرێت بە ڕێژەی ١٠٠٪ دڵنیایی بدرێت لە پابەندبوونی ئێران بە سەرجەم بەڵێنەکانیەوە، بەڵام ڕوونی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە میکانیزمی تایبەت بە بەدواداچوون و پشتڕاستکردنەوە لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە مەلەفی ئەتۆمیش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پشکنەرانی ئەتۆمی بەپێی مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەگەڕێنەوە بۆ ئێران، و ئاماژەی بەوە دا کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاریی تاران دەکەن بۆ ڕزگاربوون لە کۆگای یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو.
هەروەها ڤانس ستایشی ئەو ڕۆڵەی کرد کە هەریەکە لە قەتەر و پاکستان لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا گێڕاویانە، و دووپاتی کردەوە کە هاوکارییەکی گەورەیان پێشکەش کردووە کە بەشدار بووە لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێراندا.


