بەغداد - INA
عەممار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتدان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ڕایگەیاند کە دوای پەسەندکردنی کۆتایی، ڕێنماییە فەرمی و پێشڕەوەکانی مۆڵەتدانیان بۆ وەرزی نوێی تۆپی پێی تایبەت بە "خولی ئەستێرەکانی عێراق" دەرکردووە.
عەبدولڕەحمان لە ڕاگەیەندراوێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، دووپاتی کردەوە: "ڕێنماییە نوێکراوەکان گشتێنراون بۆ سەرجەم یانەکان بە مەبەستی ئاگاداربوون لێیان و دەستپێکردنی کارکردن بەپێی ئەو پێوەر و ڕێسایانەی کە دیاریکراون."
ئەوەشی وت: "ئەم ڕێنماییانە هاوتەریبن لەگەڵ پێوەرەکانی فیدراسیۆنی ئاسیا و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی (فیفا)، و لە ڕێگەیانەوە ئامانجمان بەهێزکردنی سەقامگیریی کارگێڕی و دارایی یانەکانە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ڕێکخستنی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەپێی بەرزترین ئاستە ڕێکخستنییەکان."
بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتدان داوای لە دەستەی کارگێڕیی یانەکان کرد کە پابەندییەکی توند بەو وادە و کاتانەوە بگرنە بەر کە لە ڕێنماییەکاندا دیاریکراون، و سەرجەم مەلەفە داواکراوەکان تەواو بکەن بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر دواکەوتنێک لە پرۆسەکانی وردبینیکردندا.
شایەنی باسه، ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنماییەکانی مۆڵەتدان بۆ ئەم وەرزە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرەمەد عەبدولئیلاهـ، جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەنجامدراوە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی پیشەگەرێتی و پەرەپێدانی خولەکە.

