بەغداد- INA

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: سەقامگیریی ناوچەکە بەندە بە ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و ڕەتکردنەوەی کردنی خاکەکەیان بە گۆڕەپانی ململانێکان.

ئەعرەجی لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "لە کاتی بەشداریکردنماندا لە کارەکانی یەکەمین کۆڕبەندی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مۆسکۆ، هەڵوێستەکانی عێراكمان بەرامبەر بە پرسە ئەمنییەکان و ئاڵنگارییە هاوبەشەکان خستەڕوو، ئەمەش لە ڕوانگەی ڕێبازێکەوە کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ، هاوسەنگی و بنیاتنانی ئەو هاوبەشییانەیە کە پاڵپشتی لە ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەکەن، هەروەها جەختمان کردەوە کە سەقامگیریی ناوچەکە بەندە بە ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و ڕەتکردنەوەی کردنی خاکەکەیان بە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمی یان نێودەوڵەتییەکان".

زیاتر وتی: "تیشکمان خستەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاوبەشییە ئەمنییەکان کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەزموون و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ دامەزراون، لەگەڵ بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تێپەڕیوەکانی سنووردا، ئەمەش لەو سۆنگەیەوەی کە ئاسایشی هەرێمی بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بە هاوکاری، بنیاتنانی متمانە و بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە، بەدوور لە جەمسەربەندییەکان".

ئەعرەجی وتیشی: "جەخت لەسەر ڕۆڵی عێراق کراوەتەوە وەک هاوبەشێکی کاریگەر لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی هەرێمی و چەسپاندنی ڕێڕەوەکانی گفتوگۆ و کرانەوە".