بەغداد- INA

وەزارەتی بەرگری، ئەمڕۆ چوارشەممە، کوژرانی ژمارەیەک تیرۆریستی لە پرۆسەیەکی ئەمنیی تایبەت و جۆریی فیرقەی 11ی سوپا لە پارێزگای کەرکوک ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، هاتووە: "سەربازانی سوپای عێراق، بە پاڵپشتی هێزە تایبەتەکان، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانیان بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوەکانیان، کاتێک هێزێکی هاوبەش لە چوارچێوەی کەرتی فەوجی دووەمی لیوای پیادەی 44ی سەر بە فیرقەی یازدەم لە کەرکوک، توانییان پرۆسەیەکی ئەمنیی تایبەت جێبەجێ بکەن پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد."

بەیاننامەکە رونیکردەوە: "پرۆسەکە بووەتە هۆی کوژرانی چەند ئەندامێکی تیرۆریستان، سەرەڕای تێکدان و تەقاندنەوەی چەند حەشارگەیەک کە لەلایەن تاقمە تیرۆریستییەکانەوە وەک پەناگە و ناوەندی پاڵپشتی لۆجیستی بەکاردەهێنران."

وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر "نەبەزینی و پێداگریی خۆی لەسەر بەردەوامبوون لە ڕاوەدوونانی توخمە تیرۆریستییەکان لە هەرکوێ بن، و ڕێگەنەدان بە هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات، بە پشتبەستن بە هەوڵە هەواڵگرییە ناوازەکان و پاڵپشتی بەردەوامی کۆمەڵانی خەڵک."