بەغداد – INA

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر هادی عامری، و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، جەختیان لە گرنگیی هاوکاری نێوان بەغداد و هەولێر کردەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی عامری لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر هادی عامری، لە نووسینگەی خۆی لە بەغداد، پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و شاندی هاوڕێی کرد، بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە. لە دیدارەکەدا تاووتوێی سەرجەم پێشهاتەکانی وڵات و ئەو جموجۆڵە بەردەوامەی نێوان هێزە سیاسییەکان کرا کە بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی ناوەندی لەئارادایە."

ئەوەش هاتووە: "هەروەها لە دیدارەکەدا باسی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و ئەو دۆسیانە کرا کە جێی بایەخی هاوبەشن، لە سەرووشیانەوە پرسە دارایی و نەوتییەکان، هاوکات میکانیزمەکانی هەماهەنگی هاوبەش بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی خرانە ڕوو."

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی یەکخستنی دیدگاکان و هاوکاری نێوان بەغداد و هەولێر کردەوە، لەگەڵ پێویستی پاراستنی کەناڵەکانی پەیوەندی و هاوکاری هاوبەش بە شێوازێک کە پاڵپشتی لە چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بکات بە ڕۆحیەتێکی پڕ لە لێکتێگەیشتن و بەرپرسیارێتی."