نێودەوڵەتی – INA
حزبوڵای لوبنان، سزاکانی ئەمریکای بەسەر ئەفسەران، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی باڵای لوبناندا وەک "هەوڵێک بۆ چاوترساندنی گەلی لوبنان" وەسف کرد.
حزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا "وەک وەڵامێک بۆ سزاكانی ئەمریکا" ڕایگەیاند: "ئەو سزایانەی لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکاوە دەرکراون و گەیشتوونەتە پەرلەمانتارانی لوبنانی کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، هەروەها ئەفسەرانی سوپا و ئاسایشی گشتی، و بەرپرسانی (حزبوڵا) و (بزووتنەوەی ئەمەل)، هەوڵێکی چاوترساندنی ئەمریکییە بۆ سەر گەلی ئازادی لوبنان بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنیستی بۆ سەر وڵاتەکەمان، و پێدانی ژەمە دەرمانێکی سیاسیی وەهمییە پێی، دوای ئەوەی تاوانەکانی نەیانتوانی ڕێگری لە لوبنانییەکان بکەن لە پەیڕەکردنی مافی ڕەوای خۆیان لە بەرگریکردن (مقاومة) بۆ پاراستنی نیشتمانەکەیان".
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه: "ئەو تۆمەتەی کە ئیدارەی ئەمریکا ئاڕاستەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئێمەی کردووە، بریتییە لە ڕەتکردنەوەی داماڵینی چەکی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆژەکانی خۆبەدەستەوەدان کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵدەدات وڵاتەکەمان کێش کاتە ناوی لە پێناو بەرژەوەندیی قەوارەی زایۆنیستیدا، ئەم تۆمەتەش زۆربەی ئەو گەلە دەگرێتەوە کە دەستیان بە بەرگرییەوە گرتووە و خۆبەدەستەوەدان ڕەتدەکەنەوە".
حیزبەکە دووپاتی کردەوە کە "ئەم سزایانە مەدالیای شەرەفن لەسەر سنگی ئەو کەسانەی کە گرتوویانەتەوە، و بەڵگەیەکی زیاترن لەسەر دروستیی بژاردەکەمان، ئەم سزایانە لە کاریگەرییاندا هێندەی ئەو مەرەکەبە ناهێنن کە پێی نووسراون، و هیچ کاریگەرییەکی کردارییان نابێت لەسەر بژاردەکانمان و لەسەر بەردەوامبوونی کارەکانی برا و بەرپرسان لە چوارچێوەی خزمەتکردنی گەلەکەیان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکان و سەروەرییەکەی".
حزبوڵا له بهیاننامهكهیدا ئاماژهی بۆ ئهوهیش كرد كه: "بەڵام بەئامانجگرتنی ئەفسەرانی لوبنانی لەم بڕیارەدا لە شەوی کۆبوونەوەکانی پنتاگۆندا، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ چاوترساندنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانمان و ملکەچکردنی دەوڵەت بۆ مەرجەکانی سەرپەرشتیاریی ئەمریکا، ئەم بڕیارەش تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوانەی بانگەشەی دۆستایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن کە هەوڵی لاوازکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان دەدات. پێویستە لەسەر دەسەڵاتی لوبنان بەرگری لە دامەزراوە دەستووری، ئەمنی و سەربازییەکانی بکات، لە پێناو پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و کەرامەتی لوبنان و لوبنانییەکان".