مەیسان – INA - نەجم عەبدوڵا

سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی یانەی نەفتی مەیسان، ئەحمەد سالم، بڕیاری لیژنەی دیسپلینی لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە دۆڕاندنی یانه‌كه‌یان بەرامبەر یانەی شورتە بە سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر بە بڕیارێکی "سەرپێیی و بێسەروبەر" وەسف کرد، و ئاماژەی بەوە دا کە یانەکە تا "دوایین هەناسە" بەردەوام دەبێت لە ڕێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکەی.

سالم بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کارگێڕیی یانەکە سەرجەم بەڵگەنامە یاسایی و فەرمییەکانی تایبەت بە مەلەفی یاریزانی یەمەنی، ئەحمەد سەرووری، پێشکەش کردووە"، ڕوونیشی کردەوە کە "بانگهێشتنامە فەرمییەکانی یاریزان سەرووری بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی یەمەن لە وەرزەکانی ڕابردوودا پێشکەشی لیژنەی دیسپلین کراون، لەگەڵ نووسراوە فەرمییەکان کە لە ڕێگەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یەکێتیی تۆپی پێی یەمەنەوە دەرکراون".

وتیشی: "بانگهێشتکردنی یاریزان بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی خۆی لە خۆیدا سیفەتی نێودەوڵەتیبوونی یاریزانەکە دەسەلمێنێت، جا چ بە شێوەیەکی کرداری لە یارییەکاندا بەشداربوو بێت یان نا"، پێشی وابوو کە "لیژنەکە یاساکەی بە هەڵە لێکداوەتەوە کاتێک داوای سەلماندنی بەشداریکردنی کرداریی یاریزانەکەی لە ناو یاریگادا کردووە".

سالم ئاماژەی بەوە کرد کە "یانەی نەفتی مەیسان تەنیا نوێنەرایەتی کارگێڕییەک یان چەند کەسێک ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی پارێزگایەکی تەواو و هاندەرانی دەکات"، دووپاتیشی کردەوە کە "دەستەی کارگێڕی بڕیاری داوە کێشەکە بباتە لیژنەی تێهەڵچوونەوە (ئیستیئناف)، و لە حاڵەتی نەدانەوەی مافی یانەکە، پەنا بۆ لایەنە یاساییە تایبەتمەندەکان دەبرێت".

ڕوونیشی کردەوە کە "هاندەران تووڕەییەکی زۆریان بەرامبەر بڕیارەکە نیشانداوە"، و جەختی کردەوە کە "یەکێتییەکانی هاندەران هەڕەشەی مانگرتن لە بەردەم بارەگای یەکێتیی تۆپی پێ دەکەن تا ئەو کاتەی مافەکانی یانەکە دەگێڕدرێنەوە".

سالم لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە "یانەکە تا ئێستا نووسراوی فەرمی تایبەت بە بڕیاری دۆڕاندنەکەی بەدەست نەگەیشتووە"، و ئەمەش بە "کاتکوشتن و دواخستن" وەسف کرد، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە لە دوێنێوە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.