بەغداد – INA

رۆژی چوارشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریدا دوای پشووی جەژن دەست بە تەواوکردنی کابینەی وزاری بکات، هاوکات داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد کۆتایی بە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان بهێنن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بە شێوازێک کە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق دەستەبەر بکات.

چوارچێوەی هەماهەنگیلەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەپەلەی لە نووسینگەی هادی عامری ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی قۆناغی سیاسی و شایستەکانی داهاتوو".

ڕاگەیەندراوەکە ئه‌وه‌یش هاتووه‌ كه‌: "ئامادەبووان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزباییان لە سەرۆک وەزیران کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران، و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانیدا و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق، هەروەها ئامادەبووان جەختیان لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی کردەوە، لەگەڵ پەرۆشییان بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی هاوبەش بە شێوازێک کە سەقامگیری سیاسی بەهێز بکات و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "بەشداربووان پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هەوڵانەی کە محەمەد شیاع سودانی لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی وەزیراندا دابووی، و ئەو هەوڵە خزمەتگوزاری و جێبەجێکارییانەی کە قۆناغی ڕابردوو بەخۆیەوە بینی و بووە جێی پێزانینێکی بەرفراوانی جەماوەری"، جەختیشی کردەوە کە "چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریداوە دوای پشووی جەژن، بەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان و لێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکان، دەست بە تەواوکردنی کابینەی وزاری بکات".

سەبارەت بە کاروباری ئەمنی و هەرێمایەتیش، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ هەر هێرش و دەستدرێژییەک کە وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی عەرەبی بکاتە ئامانج دووپاتکردەوە، و جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەدوورگرتنی ناوچەکە لە ئاڵۆزی زیاتر کردەوە.

هەروەها داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد کە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان تەواو بکەن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق.