بەغداد–- INA عەبدولڕەحمان بەهادلی
لیژنەی دیسپلین (ئینزیبات) لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا بە دۆڕاوی ئەژمارکردنی تیپی نەفتی مەیسان بەرامبەر بە شورتە بە ئەنجامی (٣-٠)، ئەمەش بەهۆی تانەیەکی یاساییەوە کە پەیوەستە بە بەشداریکردنی نایاسایی ئەحمەد سەرووری، یاریزانی یەمەنی، هاوکات ئاماژەی بە دواخستنی تاجی پاڵەوانێتییەکەی یانەی قوە جەوییە (هێزی ئاسمانی) کرد بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق.
عەلی والی، سەرۆکی لیژنەی دیسپلین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "یانەی قوە جەوییە تاوەکو ئێستا تاجی پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراقی نەبەستووە، ئەمەش دوای دەرچوونی بڕیاری بە دۆڕاوی ئەژمارکردنی نەفتی مەیسان بەرامبەر بە شورتە بە ئەنجامی (٠-٣)، بەهۆی بەشداریکردنی یاریزانی یەمەنی ئەحمەد سەرووری بە شێوازێکی پێچەوانەی ماددەی ١٩/٤ی یاسای فیدراسیۆنەکە".
ڕوونیشیکردەوە کە "ماددەی ١٨/٤ مەرج دادەنێت لەسەر ئەوەی یاریزانی پیشەگەر پێویستە لە ئێستادا یان لە سێ ساڵی ڕابردوودا نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کردبێت، بەڵام ماددەی ١٩/٤ مەرجی ئەوەی لەسەر یاریزانی یەمەنی داناوە کە لە ٣ ساڵی ڕابردوودا نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردبێت، واتە بەردەوامبوون (ئیستمراریەت)"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەڵامی فیدراسیۆنی یەمەنی بەو شێوازە بوو کە سەرووری لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥دا بانگهێشت کراوە و بەهۆی پێکانەوە داوای لێبوردنی کردووە".
وتیشی: "دواکەوتنی دەرچوونی بڕیارەکە سەبارەت بە تانەکەی یانەی شورتە لەسەر یارییەکەی نەفتی مەیسان کە لە ٢٦ی نیسانی ڕابردوودا بەڕێوەچوو، دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتنی وەڵامی فیدراسیۆنی یەمەنی کە لە ١٥ی ئایاردا گەیشت، جگە لە دواکەوتنی نووسراوە فەرمییەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان".
والی ئاشکراشی کرد کە "شاندێکی یانەی قوە جەوییە کە لە چوار کەس پێکهاتبوون، پێشتر سەردانی لیژنەی دیسپلینیان کردبوو، و شاندەکە داوایان کردبوو ڕاگەیاندنی بڕیارەکە دوا بخرێت بۆ دوای یارییەکەی نێوان قوە جەوییە و زەورا".
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، یەکلاکردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی لەسەر دوو گەڕی داهاتوو مایەوە، بە جۆرێک کە یانەی قوە جەوییە پێویستی بە مسۆگەرکردنی خاڵی زیاتر هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەدەستهێنانی نازناوەکە، لە کاتێکدا یانەی شورتە دوا چانسی خۆی دەپارێزێت بە چاوەڕوانکردنی ئەنجامی دوو یاری داهاتووی هەر پێنج تیپەکە.

