بابل – INA

عەلی تورکی، پارێزگاری بابل جەختی کردەوە کە ئەو کێشەیەی لە کاتی دەستبەکاربوون لە پڕۆژەی پردی جەنسیە لە پارێزگاکەدا ڕوویدا، بەهۆی سوء تفاهم (خراپ تێگەیشتن) بووە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە داوای لێبوردنی لەلایەن (ئەبو فەدەك) سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی پێگەیشتووە سەبارەت بەو ڕووداوە.

تورکی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پارێزگای بابل تەنها خاوەنی یەک پردە کە ئەویش پردی پارێزگایە، بۆیە پڕۆژەیەکی نوێ بە ناوی (پردی جەنسیە) لەگەڵ ڕێگاکانی دەوروبەری بە پانی ٨٠ مەتر ئامادەکرا بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی پارێزگاکە".

وتیشی: "حکومەتی خۆجێی زیاتر لە دوو مانگە چەندین گفتوگۆ و نێوەندگیری لەگەڵ ئەو کەسانەدا ئەنجامداوە کە لە شوێنی پڕۆژەکەدا بوون، بە مەبەستی چۆڵکردنی و ڕادەستکردنی بە نووسینگەی ئەندازیاری نیشتەجێ، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە"، ڕوونیشیکردەوە کە "نەخشە و دیزاینەکانی پڕۆژەکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نمایشکران بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە ورده‌كارییه‌كانی پڕۆژەکە ئاگادار بن".

ئاماژەی بەوەش کرد: "شاندێکی پارێزگاکە بە هاوڕێیەتی فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکان چوونەتە شوێنەکە بۆ ڕادەستکردنی بە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵام ئەوەی ڕوویدا ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە"، لایەنێکی دیکەشەوە وتی: "ئەبو فەدەك، سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا و داوای لێبوردنی کرد بەرامبەر بەو سەرپێچییەی کە کرایە سەر دەسەڵاتی خۆجێی، لەگەڵ پێشکەشکردنی گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە لە داهاتوودا، جگە لە کشانەوەی هێزەکان لە ناوچە مەدەنییەکان و دەستپێکردنی ڕادەستکردنی زەوی پڕۆژەکە بە کۆمپانیاکە".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، موهەند عەنزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بابل بە (INA)ی ڕاگەیاند: "پارێزگار لەگەڵ تیمی کارکردندا بوو بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی کە هەردوو بەری بابل بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە کاتی ئامادەبوونی لە شوێنەکەدا، دەمەقاڵێیەکی بچووک لە نێوان ئەو و هێزێکی بچووکی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی کە لەوێ جێگیر بوون، دروستبوو".

وتیشی: "ئەم شوێنە لە کاتی قەیرانی کۆرۆنادا وەک کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسجین لەلایەن ئەندازیاری حەشدی شەعبییەوە بەکارهێنرابوو، دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکەش کۆمەڵەیەکی سنووردار لە ئەندامانی تێدا مابووەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەنجومەنی پارێزگا دانیشتنێکی تایبەتی لەسەر ئەم پرسە ئەنجامدا، و پێوەندی بە سەرۆکایەتی ئەرکان و دەستەی حەشدی شەعبییەوە کرا، ئەوانیش جەختیان لە چۆڵکردنی شوێنەکە لە زووترین کاتدا کردەوە، چونکە شوێنەکە بۆ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخانکراوە".

عەنزی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەنجومەنی پارێزگا داوای پێشکەشکردنی داوای لێبوردنی لە پارێزگار کرد، و بڕیاریدا ئەندامێتی خۆی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هەڵپەسێرێت وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەوەی کە بە بێڕێزییەکی نائەنقەست وەسفی کرد"، جەختیشی کردەوە کە "کێشەکە چارەسەر کراوە و لە ئێستادا کاروباره‌كان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن".