بەغداد - INA
وزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیکردەوە: بایەخێکی یەکجار زۆر دەدات بە چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەژمارکردنی بڕوانامەکانی کاتی ڕاپەڕاندنی خزمەت بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی وەزیفی، دۆسیەکە بەپێی ڕێڕەوە یاساییەکان و ڕێنماییە کارپێکراوەکان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.
وەزارەت لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "بریکاری وەزارەتی پەروەردە بۆ کاروباری کارگێڕی، محەمەد زایع عەزاوی، چاوی کەوتووە بە نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی فەرمانبەران لە ناونیشانە وەزیفییە جیاوازەکان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر میلاکی هەمیشەیی دامەزراون و داوای ئەژمارکردنی ئەو بڕوانامە زانستییانە دەکەن کە لە کاتی ڕاپەڕاندنی خزمەتدا بەدەستیان هێناوە و بڕیارەکانی دەستەی ڕا نەیگرتوونەتەوە".
راشیگەیاند: "لە میانەی دیدارەکەدا، تاوتوێی داواکارییەکانیان کرا سەبارەت بە ئەگەری ئەژمارکردنی ئەو بڕوانامە زانستییانەی لە کاتی خزمەتدا بەدەستیان هێناوە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی نەگرتنەوەیان بە بڕیارەکانی پێشوو بەهۆی نەبوونی (لارینەبوون - عدم ممانعة) بۆ مەبەستی خوێندن لەو سەردەمەدا، سەرەڕای ئەوەی دواتر سەرجەم پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەکەیان تەواو کردووە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "نوێنەرانی فەرمانبەران ڕوونیان کردەوە کە ژمارەیان بە نزیکەی ٤٠٠ فەرمانبەر دەخەمڵێندرێت کە بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش بوون، تیشکیان خستە سەر ئەوەش کە لاری نەبوونیان (عدم تعارض) لە فەرمانگە فەرمییەکانی خۆیانەوە وەرگرتووە، سەرەڕای ئەوەی سەرجەم بڕوانامەکان پێش دەرچوونی بڕیاری ژمارە (٣١٩) بەدەست هێنراون".
لای خۆیەوە، بریکاری وەزارەت جەختیکردەوە کە "وەزارەتی پەروەردە بایەخێکی یەکجار زۆر بەم دۆسیەیە دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد کە بە وردی گوێی لە سەرجەم حاڵەتەکان گرتووە، و وەزارەت بەپێی ڕێڕەوە یاساییەکان و ڕێنماییە کارپێکراوەکان بابەتەکە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات، بە مەبەستی دادپەروەری بەرامبەریان و بەدیهێنانی یەکسانی وەزیفی و پاراستنی مافەکان".