بەغداد – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، لەگەڵ موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی "عەزم"، و سابت عەباسی سەرۆکی هاوپەیمانی "حەسمی نیشتمانی" و سەرەمەد خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی "سیادە"، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئەمڕۆ چوارشەممە چاوی کەوت بە موسەننا عەبدولسەمەد سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا، تێیدا جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان هەموو لایەنەکان بۆ خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەت، بە جۆرێک بەشدار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و پاڵپشتیكردنی هەنگاوەكانی چاکسازی و گەشەپێدان بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانی هەموو عێراقییەکان."
هاوكات لە بەیاننامەیەکی تردا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەکرد: "عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئەمڕۆ چوارشەممە چاوی کەوت بە سابت محەمەد عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی."
بەیاننامەکە دەڵێت: "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی کۆی بارودۆخی گشتی وڵات، و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکان لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکاندا بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێک کە گوزارشت لە هەموو عێراقییەکان بکات و توانای هەبێت پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان تەواو بکات و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا بپارێزێت."
هەروەها لە بەیاننامەیەکی تردا هاتووە کە "عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئەمڕۆ چوارشەممە چاوی کەوت بە سەرەمەد خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە."
ڕوونیشیکردەوە: "لە کاتی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات کرا و جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هەموو هێزە سیاسییەکان بۆ خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بە جۆرێک کە کار بکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی نیشتماندا."


