بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری، فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی پێشێلکاری بەرامبەر هاوڵاتییان و سزادانی کەمتەرخەمان.
وەزارەت لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆیی و زانیارییانە دەکات کە لە هەندێک سەکۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بەو حاڵەتانەی کە دەوترێت تێیدا پێشێلکاری بەرامبەر ژمارەیەک هاوڵاتی کراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "پاراستنی هاوڵاتی و پاراستنی کەرامەتی ئەولەوییەتێکی بنەڕەتییە لە کارەکانیدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر ڕەفتارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا یان ڕێنماییە پیشەییەکان بێت بە تەواوی ڕەتکراوەیە، و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا قبوڵکراو نییە"، ڕوونیشیکردەوە کە "وەزیری ناوخۆ فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕ بۆ چاوخشاندنەوە بە هەموو ئەو حاڵەتانەی باس کراون، و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەسێک کە کەمتەرخەمی یان پێشێلکارییەکەی بسەلمێنرێت، بەبێ هیچ خاوخلیچکی یان جیاکارییەک".
وەزارەت داوای لە هاوڵاتییان کرد – بەپێی ڕاگەیەندراوەکە – "هاوکار بن لەم بوارەدا لە ڕێگەی ئاگادارکردنەوە لە هەر حاڵەتێکی پێشێلکاری لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییە پەسەندکراوەکانەوە"، جەختیشی کردەوە کە "بەوپەڕی جیدییەت و شەفافییەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەواڵانەدا دەکات".
هەروەها وتیشی: "زۆرینەی هەرە زۆری کارمەندانی وەزارەت ئەرکەکانیان بە پیشەییبوونێکی باڵا و دڵسۆزییەکی گەورەوە ئەنجام دەدەن لە پێناو پاراستنی ئاسایش و خزمەتکردنی هاوڵاتییان، و وەزارەت بەردەوامە لە بەهێزکردنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی پەیوەندی ئەرێنی نێوان پیاوانی ئاسایش و کۆمەڵگە"، داواشی لە "دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە ورد بن لە گواستنەوەی زانیارییەکان، و دوور بکەونەوە لە گشتاندن یان گەورەکردنی بابەتەکان، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوە ئەمنییەکان".
