بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، خۆشبوون لە قەرزەکانی کۆمپانیای کۆڕەکی ڕەتکردەوە، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە تەواوی ڕێکارەکانی لەم مەلەفەدا ئامانجیان وەرگرتنەوەی ئەو مافانەیە، نەک هەڵوەشاندنەوەیان یان دەستبەرداربوون لێیان.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن بە شێوەیەکی بڕاوە ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە خۆشبوون لەو قەرزانە دەکەن کە لە ئەستۆی کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆمدان، و جەخت دەکاتەوە کە ئەم بانگەشانە ناڕاستن و پاڵپشت نین بە هیچ بنەمایەکی یاسایی یان واقیعی".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "مافە داراییەکان مافی گشتین و نابێت دەستبەرداریان بین، و تەواوی ڕێکارەکانی دەستە لەم مەلەفەدا ئامانجیان بەدەستهێنانی ئەو مافانەیە، نەک هەڵوەشاندنەوەیان یان دەستبەرداربوون لێیان".
ڕوونیشیکردەوە کە "کۆمپانیاکە بەپێی گرێبەستی ڕێککەوتن (تەسویە) لە ڕێکەوتی 23/9/2025، پابەندە بە دانەوەی قەرزە چەسپاوەکان، جگە لە بەردەوامی هەژمارکردنی ئەو شایستە داراییە زیادانەی دەکەونە ئەستۆی بە شێوەیەکی بەردەوام تاوەکو ڕێکەوتی دەرچوونی ئەم ڕاگەیەندراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە لادانی گەمارۆی سەر ماڵ و سامانی کۆمپانیاکە وەک لێخۆشبوون نەبووە بۆیان، و بە هیچ شێوەیەک بە واتای هەڵوەشاندنەوەی قەرزەکە یان دەستبەرداربوون لێی نایەت، بەڵکو وەک ڕێکارێکی پەیوەست بە جێبەجێکردنی گرێبەستی ڕێککەوتنەکە هاتووە، لەگەڵ مانەوەی قەرزەکە وەک خۆی بە تەواوی، و مانەوەی مافی دەستەکە لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست لە کاتی پێشێلکردنی هەر پابەندییەکی ناو ڕێککەوتنەکە".
ئاشکراشی کرد کە "دەستەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێکاری یاسایی گرتبووە بەر بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی، کە گەمارۆدانی ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی کۆمپانیاکەی گرتبووەوە، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری گەمارۆدان و وەرگرتنەوەی پارە بەپێی بنەما یاساییەکان لەو پارانەی کە ئەو کاتە لە بانکە عێراقییەکاندا بەردەست بوون"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "تەواوی ڕێکارەکانی دەستە لەم مەلەفەدا بەدەر نەبوون لە چاودێری و سەرپەرشتی، بەڵکو بەپێی ڕاسپاردەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە (25244)ی ساڵی 2025، و پەسەندکردنی سەرۆک وەزیران، و نووسراوەکانی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، جگە لە بەدواداچوونی بەردەوامی دەستەی دەسپاکی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی بووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دەستەکە بایەخی دەوری چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران بەرز دەنرخێنێت، و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئامادەیی بۆ دابینکردنی وەڵامێکی فەرمی و تێروتەسەل بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە کە پاڵپشت بێت بە تەواوی بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان، هەر کاتێک پرسیارە پەرلەمانییەکان لە ڕێگە فەرمییە پەسەندکراوەکانەوە گەیشتن".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دەستەکە مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت لە گرتنەبەری ڕێکاری گونجاو بەرامبەر هەر کەسێک کە بە ئەنقەست زانیاری ناڕاست یان چەواشەکارانە بڵاوبکاتەوە کە ببێتە هۆی شڵەژانی ڕای گشتی یان زیانگەیاندن بە دروستیی ڕێکارە یاسایی و ڕێکخستنییەکانی ناو ئەم مەلەفە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕێزی تەواوی بۆ مافی ڕەخنە و چاودێری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەپێی چوارچێوە یاساییەکان".