بەغدا – INA

وەزارەتی گواستنەوە، سەرکەوتنی جێبەجێکردنی گەشتێکی ئەزموونی لەسەر هێڵە نوێیەکەی (تورکیا – عێراق – شانشینی عەرەبیی سعودیە) لە ڕێگەی سیستەمی (TIR) ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی گواستنەوەی وشکانی، مورتەزا کەریم شەحمانی، لە راگه‌یندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ تێیدا، ڕایگەیاند: "یەکەمین گەشتی ئەزموونی لە چوارچێوەی سیستەمی گواستنەوەی نێودەوڵەتی وشکانی (TIR) لەسەر هێڵی نوێی (تورکیا – عێراق – شانشینی عەرەبیی سعودیە) بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا"، جەختیشی کردەوە کە "ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گرنگە لە کاروانی پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوە و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان لە عێراقدا."

شەحمانی ئاماژەی بەوە کرد: "گەشتەکە لە مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە دەستی پێکرد تا گەیشتە مەرزی نێودەوڵەتی عەرعەر لە چوارچێوەی کاتە دیاریکراوەکاندا و بێ هیچ ئاستەنگێک، ئەمەش نیشانەی کارایی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئامادەیی ڕێکارە پەسەندکراوەکانە لەسەر ئەم هێڵە."

هەروەها وتیشی: "ئەم گەشتە بەرهەمی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و ڕاوێژی تەکنیکی بوو لە نێوان یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی سەرجادە و خاڵی پەیوەندی لە وەزارەتی گواستنەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سعوودی، کە تێیدا ڕێککەوتن کرا لەسەر پێدانی ڤیزای تێپەڕبوون (ترانزێت) بە شۆفێرە تورکەکان لەگەڵ بارهەڵگرەکانیان کە کەلوپەلی (TIR)یان هەڵگرتووە، بێ ئەوەی پێویست بکات بارهەڵگرەکان لەسەر سنوورەکان بگۆڕدرێن، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و خێراکردنی جوڵەی گواستنەوە."

باسی لەوەش کرد کە کۆمپانیاکە وەک دەستەبەری ناوخۆیی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی (TIR) کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی باشترین شێوازە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاتی تێپەڕبوون و کەمکردنەوەی تێچووە لۆجستییەکان، جگە لە بەهێزکردنی ئاسانیی جوڵەی کاڵاکان لە مەرزەکانەوە.

لە کۆتاییدا شەحمانی وتی: "ئەم ڕێڕەوە نوێیە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی وشکانی نێوان ئاسیا، ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو، و ئاستی متمانەپێکراوی ڕێڕەوە بازرگانییە ناوچەییەکان بەرز دەکاتەوە"، دووپاتیشی کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە چەسپاندنی پێگەی خۆی وەک ڕێڕەوێکی زیندوو کە باکوور و باشوور دەبەستێتەوە و پاڵپشتی زنجیرە دابینکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە دەرفەت بۆ فراوانکردنی کارەکان لەسەر ئەم هێڵە دەکاتەوە بۆ ئەوەی باری زیاتر و وڵاتی زیاتریش بگرێتەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئاڕاستەکانی حکومەت بۆ گۆڕینی عێراق بۆ ناوەندێکی سەرەکی تێپەڕبوون (ترانزێت) کە خزمەت بە بازرگانی نێودەوڵەتی بکات.