حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە کە لە داڕشتن یان پەسەندکردنی بەیاننامەیەکی ئەم دواییەی کۆنگرەی ئازادی ئێران سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئەمەریکا و لێکەوتەکانی، دەستی نەبووە.
بە گوێرەی ڕوونکردنەوەیەکی ئەو حزبە لە پێگەی فەرمی خۆی لە ئیكس، ئەو پارتە لە ئۆرگانە بەڕێوەبەرییەکانی کۆنگرەکەدا نییە بۆیە بەشداری ئامادەکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە نەبووە.جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەو بەڵگەنامەیە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی ناکات و دەڵێت " نێوهرۆکی ئهو بهیاننامهیه به ههڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانانرێ و هیچ پێوهندییهکی بهو حیزبهوه نییه."
حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپاتی کردەوە کە سیاسەت و هەڵوێستە فەرمییەکانی تەنیا لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی خۆی و کەناڵە ڕاگەیاندنەکانەوە دەگوازرێنەوە. ڕوونکردنەوەکە لە لایەن کۆمیتەی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات بڵاو کراوەتەوە.
کۆنگرەی ئازادی ئێران هاوپەیمانییەکە کە لەم دواییانەدا لە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان، پارتە سیاسییەکان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی سەربەخۆی ئێران دامەزراون و دەڵێن ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە بەرەوپێشبردنی هاوکارییە لەسەر گواستنەوەی دیموکراسی لە ئێران.
کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە بەیاننامەیەکی ئەمدواییەیدا پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانی لە ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک لە ئێران و خوازیاری هاودەنگی زیاتری نێودەوڵەتی لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کە ڕووبەڕووی گوشاری زیاتری دەسەڵاتدارانی ئێران دەبنەوە.