🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا دوای بردنیەوە لە ئەرجەنتین بووە پاڵەوانی جام جیهانی

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/20 03:53

وەرزش – INA

ئیسپانیا بۆ دووەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی جیهانیی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییی سەرنجڕاکێشدا کە لە یاریگای "مێتلایف ستادیۆم" لە نیوجێرسی بەڕێوەچوو، بە ئەنجامی (١-٠) لە کاتی زیادکراودا لە ئەرجەنتینی هەڵگری نازناوه‌كه‌ی بردەوە؛ بەمەش "لارۆخا" دوای ١٦ ساڵ لە یەکەم بەدەستهێنانی نازناوەکە لە ئەفریقای باشوور لە ساڵی ٢٠١٠، دووەم ئەستێرەی خستە سەر دروشمەکەی.

یارییەکە ململانێیەکی ته‌کتیکیی بەهێزی لە نێوان هەردوو تیمەکەدا بەخۆیەوە بینی، کە لە کاتی زیادکراودا بە سەرکەوتنی ئیسپانییەکان کۆتایی هات بەهۆی گۆڵێکی فێران تۆرێس لە خولەکی ١٠٦دا، بەمەش لیۆنێل مێسی بێبەش کرا لەوەی سێیەم نازناوی جیهانی بباتەوە و زیادی بکات بۆ کارنامە ئەفسانەیییەکەی.

یارییەکە بە کێبڕکێی هەردوو تیمەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ دەستی پێکرد، بە جۆرێک هەر یەکێکیان بۆ ماوەیەکی درێژ تۆپیان لا بوو. یەکەم هەل بۆ لامین یامالی ئیسپانی ڕەخسا کاتێک لە خولەکی پێنجەمدا تۆپێکی ئاراستە کرد کە لە ناو ناوچەی سزادا لای دا و پاشان ئیمیلیانۆ مارتینێز گرتی.

وا دیار بوو ئیسپانیا لە کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکەدا باڵادەست بێت، بەو پێیەی بە سەرکردایەتیی ڕۆدری -کە ببووە هێزێکی بەهێز لە هێڵی ناوەڕاستدا- بە ئاسانی دزەی دەکردە ناو ناوچەی سزای ڕکابەرەکەی، بەڵام ئەرجەنتین بە باشی بەرگریی دەکرد و "لارۆخا" تەنها کەمێک هەلی مسۆگەری دروست کرد.

بارودۆخی خراپی چیمەنی یاریگاکەش هاندەر نەبوو بۆ یاریی هێرشبەری، و هەندێک هەڵەی نائاسایی لە کۆنتڕۆڵکردن و پاسدان لە لایەن هەردوو تیمەکەوە دەرکەوتن، لە کاتێکدا ئەرجەنتین بە بەردەوامی بە ئەنجامدانی فاول یارییەکەی دەپچڕاند، کە هەندێکیان مەترسیدار بوون.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی نیوەی یەکەم، ئیسپانیا کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکەی گەڕاندەوە، و دوای هێرشێکی بەکۆمەڵی ناوازە، میکێل ئۆیارزابال لە خولەکی (٣٩)دا تۆپێکی ئاراستە کرد کە مارتینێز بە ئاسانی گەڕاندیەوە، پاشان کۆکورێلا لە خولەکی (٤٣)دا لە دوورەوە بەختی خۆی تاقیکردەوە بەڵام لێدانەکەی بە لای دارستوونەکەدا ڕۆشت.

یاریزانان ڕوویان لە ژووری پشوودان کرد لە کاتێکدا ئەنجامەکە بە بێ گۆڵ بوو، دوای ئەوەی ئەرجەنتین بەهۆی پێکانەوە پێش کۆتایی هاتنی نیوەی یەکەم تووشی لێدانێکی بەئازار بوو بە ناچاربوونی لیساندرۆ مارتینێز لە چوونیە دەرەوە و هێنانی نیکۆلاس ئۆتامێندی لە شوێنی.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)