بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، جەختی کردەوە کە تەوەری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، حوکمڕانی و چاکسازیی دامەزراوەیی بووەتە چوارچێوەیەکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم تەوەرەکانی کارنامەی حکومەت، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەی پەرلەمانیی پسپۆڕ چەندین ڕاسپاردەی بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەرکردووە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، جەختی کردووەتەوە کە تەوەری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، حوکمڕانی و چاکسازیی دامەزراوەیی بووەتە چوارچێوەیەکی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم تەوەرەکانی کارنامەی حکومەت، ئەمەش دوای ئەوەی لیژنەی پەرلەمانیی پسپۆڕ پۆلێنی کردووە و ئەنجومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی ئەو ڕاسپاردانەی کە بۆ حکومەت پابەندکەرن، دەنگی لەسەر داوە".
فەیحان ڕوونی کردەوە کە "لیژنەکە بایەخێکی ناوازەی بە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داوە، چونکە بە بنەمای ڕاستەقینەی هەر چاکسازییەکی حکومی دادەنرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕاسپاردەکان سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، گرتنەبەری بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی دەستپاکی و شەفافیەت، پێداچوونەوە بەو گرێبەست و یاسایانەی کە گومانی بەفیڕۆدان یان گەندەڵییان لێدەکرێت، لەگەڵ چالاککردنی حوکمڕانی، گۆڕانی دیجیتاڵی و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لەخۆدەگرن".
جەختیشی کردەوە کە "ئەنجومەنی نوێنەران بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردانە دەکات بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی ماڵی گشتی، ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدان، بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان".