نەینەوا – INA - محەمەد حەداد
پەیمانگای کلتوریی فەرەنسی-عێراقی لە مووسڵ، میوانداری پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی کرد ژێر ناونیشانی "سەمای سەرکەوتن" بۆ وێنەگر و دەرهێنەری سینەمایی "سەعد نیعمە"، کە لە ڕێگەی هاوێنەکەیەوە شوێنەوارەکانی ئەو وێرانییەی تۆمار کردووە کە تاقمی تیرۆریستی داعـ.ـش لە هەردوو شاری مووسڵ و شەنگال بەجێیهێشتبوو، لەگەڵ ئیرادەی دانیشتووانەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان.
بەڕێوەبەری پەیمانگای کلتوریی فەرەنسی-عێراقی لە مووسڵ، محەمەد زوهێر زێدان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، پێشانگەکە قۆناغی دوای ئازادکردن لە مووسڵ و شەنگال بەرجەستە دەکات، کە دوو شارن تووشی وێرانییەکی بەربڵاو لەسەر هەردوو ئاستی مادی و مەعنەوی ببوونەوە.
ئاماژهی بهوهیش کرد کە وێنەکان قەبارەی ئەو وێرانییە تۆمار دەکەن کە بەسەر هەردوو شارەکەدا هاتبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی ورەی بەرزی دانیشتووانەکەی و سووربوونیانە لەسەر دووبارە بنیاتنانەوە و گەڕاندنەوەی یادوەریی مووسڵ کە ڕێکخراوی داعـ.ـش هەوڵی سڕینەوەی دەدا.
لە لایەن خۆیەوە، هونەرمەندی شێوەکار "شاهین عەلی زاهیر" جەختی کردەوە کە پێشانگەکە دەستپێشخەرییەکی کلتوریی گرنگە، چونکە وێنەی مووسڵ بە چاوی هونەرمەندێک لە دەرەوەی پارێزگاکە پێشکەش دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە وێنەگرەکە سەرکەوتوو بووە لە دەرخستنی جوانیی شارەکە و تایبەتمەندییە تەلارسازی و کەلەپوورییەکەی سەرڕەڕای شوێنەوارەکانی وێرانی.
ئەوەشی خستەڕوو کە وێنەکان پەیامێکی مرۆیی و کلتورییان هەڵگرتبوو کە لە سنوورەکانی مووسڵ و عێراق تێدەپەڕێت، داوای کرد پێشانگەکە بۆ وڵاتانی عەرەبی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بگوێزرێتەوە، بەهۆی ئەو پەیامەی هەڵیگرتووە کە خۆڕاگریی شارەکە تۆمار دەکات و توانای هەستانەوەی لە نوێوە دەردەخات.
لای خۆشیەوە، وێنەگر "سەعد نیعمە" ڕوونی کردەوە کە بیرۆکەی پێشانگەکە لە سەرەتادا ناونیشانی "یادوەریی جەنگ"ی هەڵگرتبوو، بەڵام ناوی "سەمای سەرکەوتن" هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی قارەمانێتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بێت، لەگەڵ ئەو قوربانییانەی پێشکەشیان کرد بۆ ڕزگارکردنی مەدەنییەکان و دروستکردنی ئایندەیەکی نوێ بۆ پارێزگاکە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی پێشانگەکە تەنها تۆمارکردنی وێرانی نەبووە، بەڵکو گواستنەوەی چیرۆکەکانی قارەمانێتی و خۆڕاگری بووە کە ناوچەکانی جەنگ بەخۆیانەوە بینیویانە، جەختیشی کردەوە کە ئەوەی لە مەیدانەکەدا بینیویەتی پاڵی پێوەناوە ئەو ساتانە تۆمار بکات تا ببێتە پەیامێکی سەرکەوتن و ئاڵنگاری بۆ نەوەکانی داهاتوو.
نیعمە ئاماژەی بەوەش دا کە پێشانگەکە پێشتر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەیمانگای کلتوریی فەرەنسی لە بەغداد ڕێکخرابوو، بەرپێش ئەوەی بگاتە مووسڵ، کە لەوێش کاردانەوەیەکی گەورەی سەردانیکەرانی بەدەستهێنا کە لە وێنەکاندا زیاتر لە دیمەنی وێرانییان دەبینی، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەک دەیانبینی کە قۆناغێکی چارەنووسساز لە مێژووی نەینەوا مێژوو بەدەست دەکات و پەیامێکە جەخت لە توانای مرۆڤ دەکاتەوە لە تێپەڕاندنی نەهامەتییەکان و دروستکردنی هیوادا.