بەغدا – INA
نوێنەری هەمیشەیی کۆماری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆز لوقمان فەیلی، جەختی لە گرنگیی ئاسایشی دەریایی و ئازادیی کەشتیوانی کردەوە، هاوکات ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی هەر ڕێکارێکی نایاسایی لەلایەن عێراقەوە کرد کە ببێتە هۆی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی.
وەزارەتی دەرەوە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "باڵیۆز لوقمان فەیلی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦، بەڕێوەچوو و تەرخانکرابوو بۆ تاوتێکردنی بڕگەی «پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی: ئاسایشی دەریایی»."
باڵیۆز لە وتەی کۆماری عێراقدا جەختی کردەوە لەسەر ئەو بایەخە گەورەیەی کە عێراق بە ئاسایشی دەریایی و ئازادیی کەشتیوانی دەیدات، و پابەندبوونی تەواوی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەتی لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز، ئەمەش بەپێی دەقەکانی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (UNCLOS).
ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم ڕێڕەوانە، مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی ئابووریی عێراق، چونکە ئەم ڕێڕەوانە شاڕێگەی سەرەکین بۆ هەناردەکردنی نەوت و بازرگانیی دەرەکی وڵاتەکە.
عێراق داوای کاراکردنی میکانیزمەکانی دیالۆگ و هاوکاریی لە نێوان وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداو کرد، و جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەر ڕێکارێکی نایاسایی کردەوە کە ببێتە هۆی ئاستەنگ دروستکردن بۆ جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی، بەهۆی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە دەیبێت لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و لێکەوتەکانی لەسەر نرخەکانی وزە و خۆراک.