بەغدا - INA
ئەمڕۆ هەینی،بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونیەکان، ڕایگەیاند کە تۆڕێکی بازرگانیکردن و ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەری کریستاڵیان لە پارێزگای بەسڕە هەڵوەشاندووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی بەسڕەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنییە بەردەوامەکان بۆ ڕاوەدونانی بازرگانان و ساغکەرەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای بەسڕە توانیان ئۆپەراسیۆنێکی جۆری ئەنجام بدەن کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی تاوانکاری کە لە بواری بازرگانیکردن و ساغکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا چالاک بوون.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری ورد و بەدواداچوونی مەیدانی چڕ بۆ جموجۆڵەکانی ئەندامانی تۆڕەکە ئەنجامدرا، کەمینێکی پتەو دانرا و بووە هۆی دەستگیرکردنی سێ تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا، هەروەها بڕێک لە ماددەی هۆشبەری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا و ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەریان گیراوەتەبەر.